نووزە

لە کتێبی:
ئێمەیش لە خۆشەویستی دەزانین
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  699 بینین
کە هاتەوە زۆر ماندوو بوو
هەتا ئەم پیاڵەکانی شت.. ئەو نووستبوو
حەزی دەکرد تێر ماچی کا و... دڵی نەهات
دەستی هێنا
بە ڕانک و چۆغەی سنگەکا
وتی: قەینا... بۆ سبەی شەو.
بەڵام
سبەی شەو کە هاتن
هێشتا ماچی نەکردبوو
کە بە بەرگی ناو جێگەوە ڕاپێچیان کرد
هێشتا ماچی نەکردبوو
ویستی شیوەنی بۆ بکا و... دڵی نەهات
هەنسکێ چوو هەنسکێ هات
گوێی لە نووزەی گریانێکی گەلێ دوور بوو
کە گوێی شل کرد
ڕانک و چۆغەی
سنگەکە بوو.