بیرە خەو

لە کتێبی:
ئێمەیش لە خۆشەویستی دەزانین
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  738 بینین
گالیسکەیەکی دوو ئەسپی
لەسەر شانی هەڵی گرتووی
بەرگەکانت هاوینەن و شەقام شۆرراوی بارانە.
هەور بۆت بووە بە چەتر
منیش سنەوبەرێکی کەناری ڕێگاکەتم
بەرگەکانی تۆ هاوینەن
دەگەڕێیەوە کۆشکەکەت
بەڵام ئایا..
جێیەک شک دەبەی وەک دڵی من نەرم؟!
جێیەک شک دەبەی وەک ئامێزی من گەرم!!
ئەگەر وابوو
ئەسپەکانی گالیسکەکەت بەر دەدەم
چونکە ئەوان دەستی منن.
گالیسکەکەیش بسووتێنە.. دڵی منە
ئێستا زانیت.. لەبەرچییە لێخوڕەکەی
ناڕوانێتە تۆی نازدار و
چاو دەبڕێتە سنەوبەری کەنارەکان؟
گەر بەمەیشیانت نەزانی
بەرگەکانت دادەدڕم..
گەرچی هەموویان هەر شیعرن
بەڵام خاتوون.. با نەمێنن
چونکە هەڵەی بیرەخەوی
شاعیرێکی وەکو منن.