جوچک و سپۆتنیک

ئەم کورتە نومایشەشم کە هەر بە هومێدی یارمەتیدانی سۆڤیەت نووسیوە خەیاڵەکەم لە هەڵدانی مانگی دەسکردیانەوە بۆ هاتووە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  1354 بینین
تازە تاو هەڵاتووە، کەڵەشێرێکی سووری پۆپەلار لەسەر لاقێک خۆی لەبەر خۆرەتاو هەڵخستووە، مریشکێکی زەردی سەربەکڵاوە بە قرتەقرت دان بۆ جوچکان هەڵدەگرێتەوە، سێ مناڵی ڕووت و پێخواسی کوردیش لە تەمەنی چوارپێنج ساڵیدا لە ترسی سەرمای بەیانی هاتوونە بەر بەڕۆچکە و هەڵیش دەلەرزن و سەیری جوچکانیش دەکەن. جووجەڵەیەک مل قوت ئەکاتەوە و دندووکی لە دایکی نزیک ئەخاتەوە و جیوجیوێکی دەکا:
جوچک:
تازە تێکوڵم شکاندبوو
خۆم بن باڵت خزاندبوو
لە خەوما دیم باڵدارێ زەرد
بەجێی هێشت زەوی و دار و بەرد
کۆلارێکی بەرهات کوشتی
هەڵۆ خۆیان وەشارت گشتی
مانگیشی دایە پشتەوە
مریشک:
قی قی ئەوە زیندە خەوە
جوچک:
دەیسا چبوو ئەو جیک جیکە؟
کەڵەشێر:
قوقو، ئەوە سپۆتنیکە
جوچک:
کردوویە کام تیرەی مرۆڤ؟
کەڵەشێر:
سەوێت زەمانی خرۆشۆف
مریشک:
لەو ڕۆژەوە ئەمە دیارە
بێ ترس بووین لە کۆلارە
جوچک تێکڕا:
لەسایەی سۆڤێت دڵشادین
لە چنگ کۆلارە ئازادین
مناڵەکان:
بێژن وەدەم چینەی هەرزن
کوردیش دەرچن لەدەست دوژمن
جوچک:
یاخوا دەرچن، یاخوا دەرچن