تەڵقین بە کوردی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
3713 بینین
تەڵقینی بە عەرەبی کە لەسەر مردوانی دەخوێنن ئاوا دەست پێ دەکا «ئەی بەندەی خودا کوڕی کارەکەر [کەنیز] ی خودا». منیش ئەم تەڵقینەم هەر لەو بارە هەڵخستۆتەوە. هێندێک لایان وابوو کە گوتوومە «گەر دین ئەمەیە تا دوایی...» گوناحە؛ بەڵام ئەگەر تێگەیشتوانە سرنج بدەن ئەزانن چم وتووە و نیازم کفر و گوناح نییە. مەولەوی لە مەسنەویدا ئەڵێ «گەر پیاوچاک وابێ نەحلەت لە پیاوچاک»:
ئەی بەندەی خودا کوڕی کارەکەر
گوێ بگرە لەناو گۆڕی تەنگەبەر
لە دنیای بێفەڕ کۆچت کردووە
لە ئەولای بێگەڕ خانووت گرتووە
تۆش وەک مردووی تر وەک هامفەردانت
دوو پەری خودا دێنە سەردانت
دووی ددان زەردی سووری چاوشینن
بە گورز و مەتاڵ، بە تەوەرزینن
تۆزێ مڕومۆچ، ڕووتاڵ و تفتن
بەڵام وەک دەڵێن «بە گفت و لفتن»
هەزار جار بڵێن «کوا مەڕنەمووکە»
بێدەنگ، قڕوقپ لێت نەیە جووکە
گەر تێشت هەڵدەن پێشت دادەن تف
بڵێ من کوردم، زمان مایەعرف
لە دار مەترسێ گوێ مەدەرە جوێن
ناچاریان بکە بە کوردی بدوێن
ئەمجار بە زمانی شیرینی کوردی
خۆت هەڵە مەکە، هێدی، بە وردی
بێژە: لالۆ، خوا و پێغەمبەر هەقە
کوردی هاسانە و عارەبی ڕەقە
باسی مردن و هەستانی دوایی
خۆ ماندوو نەکەن با بەخۆڕایی
بڵێ: کورد لەسەر دنیا مردووە
دەمێکە قیامەت لەوان ڕابووە
بێ بەرگ و پێڵاو، بێ نان و بێ دۆن
تورک و عەجەم و عارەب دەیانخۆن
کورد ژێرچەپۆکە و ئەو خاوەن زۆرن
برای موسوڵمان، موسوڵمانخۆرن!
با لە خوا پرسن: گەر دین ئەمەیە!
گەپ و گەمەیە و زیانی مەیە
دینێ بەشی کورد بخاتە بن لیچ
سەد بار گەورە بێ نامەوێ وە هیچ
وەرامی بەهەشت زۆر باش دەزانی
خۆت خەڵکی چیا و دەشتی کوردانی
باس بکەی ئاو و هەوای کوردستان
کوڕ و کچی جوان، پێدەشت و کوێستان
شینایی و کانی و باغات و میوە
پێت باوەڕ دەکەن بەهەشتت دیوە
دۆزەخیش وێنەی لە دنیا پڕە
چۆڵی عارەبی گەرم و قاقڕە