ڕۆمانتیک

لە کتێبی:
ببن بە تیشک
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 3 خولەک  1341 بینین
ئەی تاڤگەی ڕەشی تەسریحە
ئەی تاریکیی شەوی ڕژاو
ئەی بارانی عەتراویی خاو
ئەی گەردەلوولی داهێنراو
بەس بیشارەوە گەردنی
خنکام.. بۆ پرشەیەک هەتاو
***
ئەی قردێلەی سەر تەسریحە
تەوقەی زڕکفتی جوانی سەر
ئەی مانگی تەنیای دەربەدەر
ئەی کەشتیی سەر شەپۆلی قژ
چەند بێهۆشی.. مەستی بێ ڕووی
دە بەس بگوشە گەردنی تەسریحەکەت
من لێرەوە ئەوا خنکام.. سنگم توند بوو
دەست بەردە.. بۆ خاتری خوا.. ناسکە موو
***
ئەی جووتێ گوارەی نارنجی
ئەی دانیشتووی کەژاوەی نەرمی پەمەیی
لە ماچێکی وەها نوقمی
زەردهەڵگەڕاوی وا ئەمری
هێندە نەرمی گوێت مژی
ئەوا شێت بووم.. بەداخەوە بۆ دەمکوژی!
***
ئەی قەڵەمی هەناسە ڕەش
ئەی ماچکەری دوو چاوی گەش
بەس پەڕەی گوڵاڵەی پێڵوو.. ماچکەرەوە
کلیان ناوێ.. خۆیان ڕەشن.. بەسە لە کۆڵیان بەرەوە
لە غیرەتدا.. من لێرەوە.. وا دڵم هاتە دەرەوە
ئەی دوو چاوی نیوە نووستوو
ئەی دوو ئەستێرەی خەواڵوو
بۆ کەوتوونەتە باوەشی.. جووتێ برۆی ڕەشی.. تاریک
تۆ ئەی برۆ.. ئەی دوو چڵ ڕێحانەی باریک
چیم لێ دەکەی..! لە بەر دەمتام..
بەس تکایە.. بەرەڵایان کە.. وا سووتام
***
ئەی لۆکەی بۆدرەی گۆنا
ئەی هەوری پەمەیی شەیدا
کەم خۆت هەڵسوو لەو کوڵمانە
دڵی تینووم ئەوا خنکا
من تازە گیانم.. لەدەست چوو
دڵ کە ئاڵە.. خۆڵی کاڵە.. تووبی خوا
لەجێی بۆدرە.. وەربگرە
.. بەسە ڕاوەستە.. هەی برسی
ڕوحم دەرچوو.. لە تکاکەم بۆ ناپرسی؟!
لای خۆت لۆکەی!!
چەند دڵڕەق و ئێسک قورسی
***
ئەی ڕووچی لێو.. ئەی غونچەکەی غونچەپەرست
ئەی زمانی پەمەیی شێت
هانام هانی.. بەس دەمی وەک شووشە عەتر
بلێسەوە
ئەوا تەقیم.. سوێم بووەوە
***
ئەی بۆیەی نینۆکی پەنجە
ئەی فرمێسک ئاڵی عەتراوی
ئەی خوێن تواوەی ورشاوی
ئەی گڕ شلی بریسکاوی
هاوار نەکەی بە فتیلەی گڕ
دای گیرسێنێ «دە» پەنجەی وەک کافووری چوڕ
نەکەی ئامان.. بەسە دڵ بەرگە ناگرێ
«دە» مۆم پێکەوە گڕ بگرێ
***
ئەی عەتری شووشەی کریستاڵ
ئەی ئاورنگی تەڕی بەهار
ئەی فرمێسکی چاوی نازدار
ئەی تەرزەی گەرمی.. پرشنگدار
هەر تۆ ماوی خۆت بنوێنی
بڵێم.. نەڵێم، تۆش ئامادەی
کە خوێنی خۆت بپرژێنی
بەس تکایە زۆر نەرم بە
سینە و گەردن نەڕووشێنی
لە خەفەتیا.. نەمفەوتێنی
***
ئەی خورپەکەی گیانی شیعرم
هەستم دەرخە.. پێویستم پێت
تابلۆیەکە نازداری کورد.. شەفافترە لە
«ڕۆمانتیک»
بەڵام ئەفسووس.. من بۆ ناگەمە مەبەستم!
شیعری وەسفی وردم.. ورد کرد
خەیاڵی جوان.. بەرگەی خەیاڵمی نەگرت
بەهرەی شیعرم بۆ تۆراوە!
بۆ لە ناخا.. گیانم دەخوا..
کەچی لەسەر کاغەزەکەم - تا ئێستا
چارەم نەدیوە!!
شیعرێ بەرگەی هەستم بگرێ
بۆ تا ئێستا.. نەمنووسیووە؟!