پێش یاخیبوون.. بە چەند ساتێ

لە کتێبی:
ببن بە تیشک
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  701 بینین
- برۆکانت.. دوو شەپۆلن.. تریفەی چاو..
بەخشیوونی بەجێنیشتەی پەرچەمی خاو
قژی لاجان.. خاو و پەخشان.. لەسەر گۆنا
چەند دێرێکن.. وەک شیعری جوان.. لە دیوانا
-بەڵێ جاران ئەو گۆرانییەت.. بۆم دەچرپان
بیرت ماوە
-بەڵی خاتوون..
پەشمان نیم لەو هەنگاوە.
-ئەی بۆ ئێستا وەک جاران نیت
لە من وایە.. دڵداریت لە بەرچاو کەوتووە و
منت ناوێ
-بەپێچەوانەوە ئێستا، زیاد لە جاران
خۆشم دەوێی
جاران دەمویست تەنیا هاوڕێی ناو جێگام بی
بەڵام ئێستاکە دەمەوێ، هاوڕێ و ڕێبواری ڕێگام بی
لەبری بۆینباخێکی جوان
تفەنگێکم بکەیتە شان!