ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە
لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
2 خولەک
800 بینین
ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە
یا وەکوو شەوقی جەماڵی ئەو مەهی سیمینبەرە
بۆ جگەر لەتکردنی عوششاقی موژگانی سیای
ناوکی تیرە وە یاخۆ نووکی تیژی نەشتەرە
ئەبرووە یا قەوسە یا باڵی هومایە پێم بڵێ
سەیفی خونڕێزە هیلالە دڵبەرا یا خەنجەرە
دوودی ئاهی سینەکەم ئەمشەو لە هیجرت چاوەکەم
وا سەری گرتووم گەلێ زیاتر لە دوودی مەجمەرە
فەرموو تەشریف بێنە کولبەی عاشقت ئەمشەو بە ناز
حازرە بۆ بەردەبازی ڕێگەیی تۆ ئەم سەرە
قەت بە بۆنی زوڵفی تۆ نابێ گوڵاڵە و یاسەمەن
عەتری توڕڕەی تۆ نە وەک عوودە نە میسلی عەنبەرە
لالەزارە دامەنم، جانا بە خوێنی ئاڵی ئەشک
وەختی سەیران و تەماشایە دەخیلت بم وەرە
خۆی لەسەر ڕوخساری جانانە لە بەرچاوم ئەڵێی
هەر لەسەر بەرگی گوڵە شەبنم، لەسەر ماهـ ئەختەرە
سەیفە یا قەوسە وە یا باڵی هومایە پێم بڵێ
یا هیلالی یەکشەوە یا تاقی ئەبرۆی دولبەرە
ڕوومەتت بەدرە ملت مینایی سافە بێ غەشە
دەم قوتووی دانەی دوڕی دەریایە لێوت شەککەرە
چای زەنەخدانت بڵێم وەک زەمزەمە زەممی ئەکەم
ئەبرووت زیاتر لە تیغی دەستی تووسی نەوزەرە
وا بە عومری جوانەوە پیر بووم قەدم خەم بوو لە غەم
دڵبەرا دووربینی چاوم ئێستە ئەم سەر ئەو سەرە
نائومێد و بەش بڕاو ئەحمەدناسناوی ئەدەبی لە دنیادا ئەتۆی
نەخلی ئوممێدی مورادی تۆیە دایم بێ بەرە