نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 2 خولەک  739 بینین
نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە
قەدی نوشتایەوە عەرعەر کە دی باڵایی ئەو یارە
برینی سەر دڵی دیسان بە ناسۆر کەوتەوە ناڵە
لە داخی لێوی ئاڵی ئەو نیگارەی بێچووە عەییارە
کە تای زوڵفی نواند سونبول خەجاڵەت بوو لەناو باخا
فیراری کرد و ڕووی کردە بیابان وێڵ و بێچارە
نواندی گەردنی خۆی، گەردنی مینای شکان دیسان
موسوڵمانی نەهێشت حەڵقەی سەری ئەو زوڵفە زوننارە
کە دی گۆنایی ئاڵت گوڵ لە باخا دوێنێ ئەم وەختە
یەخەی خۆی دادڕی سەرتابەپێ وەک شێت و پەتیارە
ملی کەچ کرد وەنەوشە، کەوتە بەر پێت وەک قەباحەتبار
کە دەرکەوت خاڵی لێوت تێگەیی شێت و خەتابارە
لەمەو پێش قافیە بەندەم، ئەمێستا بوو بە عەبدی من
کە مەجبوورم بهێنم ناوی ئەو مەحبووبە نازارە
لە زوڵفت لازمە دیسان بدووم لێم مەگرە مەحبووبم
کە باسێکی درێژ و دوورە گەرچی ئێستە تیکرارە
بە بۆنی عەنبەرە، وەک عەقڕەبی جەڕڕارە نێشی ئەو
بە پێچ و حەڵقەیا حەقمە بڵێم بەو زوڵفە ڕەشمارە
بڵێم بۆنی گوڵاو و عەترە ئەو زوڵفە کە هێشتاکە
خەتایێکی عەزیمە گەر بڵێم وەک میشکی تاتارە
وتم ماچێ کەرەم فەرموو بە ئەحمەدناسناوی ئەدەبی بەندەیی خۆتە
وتی چی بکەم لە دەستی ئەم کوڕە بەگزادە بێ عارە