ئیتر چیت ئەوێ
لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
1 خولەک
895 بینین
باوەڕ ناکەم ئەی دڵ بەوەش ئارام بگریت و بێدەنگ بیت
ئەی دڵەی هەژاری من
گوێ بگرە یاری شەرمن
داوای تۆ لە من ئەکا
منیش وتم کە بتبا
گوایە ئیتر چیت ئەوێ
کە جێگەی تۆ بێ ئەوێ
چونکە ئەزانم لای ئەو
شاد ئەبێ بە ڕۆژ و شەو
هۆشی خەمت نامێنێ
بیری کەست نامێنێ
گوایە ئیتر چیت ئەوێ
کە جێگەی تۆ بێ ئەوێ
خۆت هەڵ ئەسووی لە سنگی
ئەمژی دوو لێوی تەنگی
دەست ئەخەیتە ناو دەستی
چاویش بۆ چاوی مەستی
گوایە ئیتر چیت ئەوێ
کە جێگەی تۆ بێ ئەوێ
ئەی دڵەی هەژاری من
گوێ بگرە یاری شەرمن
ئەڵێ: هەتاکو ماوم
جێگەیەتی سەر چاوم
گوایە ئیتر چیت ئەوێ
کە جێگەی تۆ بێ ئەوێ