بێ قسەکردن
لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
1 خولەک
1038 بینین
چونکە من تیشکی چاوەکانت ئەخوێنمەوە.. کە ژیانم تێدا ون کردوون
تێ ئەگەم سڕی دڵ نیازی
لە ورشەی چاوی پڕ ڕازی
چونکە ڕازی دڵمت لایە
کە لە پێناوتا ڕسوایە
ئەو دڵەی وەک بتپەرستان
کڕنووش ئەبات بەبێ ترسان
لە دۆزەخ و زنجیری سوور
لە پشکۆی گڕ کڵپەی تەنوور
لە وەیلی وەک شەوی دەیجوور
لە ژەهری ماری بێ سنوور
ئەوەی تەنیا مەبەستی بێ
شادی و ئازادی هەستی بێ
تۆی ئەی نازدار گوڵی بەهار
دەم بە خەندە شیرین گفتار
بتخانەی دڵی بێ قەرار
چاو دەریای شینی بێ کەنار
***
گەلێکم ڕوانییە گوڵشەن، نەبوو جوانی وەکو تۆ شەنگ
گوڵێ نەبوو چەشنی خەندەت، خونچەیەکیش وەک لێوی تەنگ
تاڵی پەرچەم وا لە کوڵمی ئاڵی خۆی ئاڵاندووە
هەرکەسێ بینی وا ئەزانێ ڕۆژ دەماخی بەستووە