6

لە کتێبی:
ئەڵوەن
بەرهەمی:
ئەحلام مەنسوور (1951-2013)
 38 خولەک  1163 بینین

دوو هاوسێی سەیر ماڵەکانیان بەقەد ماڵەکەمانەوە بوو، ئەگەر هەرا و فەرتەنە لە گەڕەکەکەمان دا نەبوایە ئەوا قیڕە قیڕ و هەرای ئەو دوو هاوسێیەمان ئەو بۆشایییەی پڕ دەکردەوە. لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو پاش هەموو هەرایەکیان هەرچی زەلامی مزگەوت هەبوو گوێیان لێ دەبوو و بۆ ژنەکانیان دەگێڕایەوە، واتە زۆربەی گەڕەکەکە بچووکترین هەرای ئەو دوو هاوسێیەمانییان دەزانی و دەیانزانی بۆ، وە لەسەرچی بووە و بەچی گەیشتووە!!، دوو هاوسێی کاریکاتێری: یەکەمیان : هەڵاج بوو... گوێیەکانی قورس بوون تا ژنەکەی هاواری نەکردبا تێی نەدەگەیشت، دووەمیان فیتەر بوو و ژنەکەی کەڕ بوو، ئەگەر داوای جامێ ئاوی لە ژنەکەی بکردایە ئەوا هەموو نوێژکەرەکانی مزگەوت گوێیان لێ دەبوو... پاش هەموو شەڕ و هەرایەکیان «ئامە» بۆ ئاشتکردنەوە سەردانی هەردوو لایەنی دەکرد. دوا شەوی ڕەمەزان بوو... هەموو لە سەربان دەنووستین کابرای فیتەری هاوسێمان هەموو ساڵێ بەڕۆژوو دەبوو و لە جەژنا بەعەرەق ڕۆژووەکەی دەشکاند، ئەو شەوە لەتێ شووتی نابووە سەر ستارەی سەربانەکەیان کەلەگەڵ سەربانی مزگەوتەکە یەک ستارەیان هەبوو، هاواری دەکرد:

- فاتە... فاتە قەیچی ئەرام بار، کوللەگە، کەمی دریژە ڕەسێسە زەوی پیس بییە!!.

-.........

- فاتە چەقۆگە بار ئەی شامییە بشکنم.

-.........

- فاتە... فاتە فاتگ ماستاوەگە بارکەمی خوای کەمە... خوا بنەمە ناوی بەیانی عەیدە تینگم ناود.

-............

- فاتە بەو ئەی قەحپە.

تا فاتە تێدەگەیشت کابرای فیتەر ئەوەندەی دەقیژاند زۆری نەدەما دەنگی بنووسێت:

ئنجا پاش ئەوەی فاتە تێدەگەیشت بەمنگە منگەوە وەڵامی دەدایەوە:

- چەس بیمەسە مەیموون لەژیر دەسد؟ چەند دەس دیرم؟ چەند پا دیرم؟ ئەرا ژنیگ تر ناخوازید؟...

- هەی «کووس پرێمز» لەتوو زیاتر من کی دیرم؟،. بەو لەلام بنیش.

- ئۆی تووش وەی ڕەمەزانە!!.

- لە هویرد چی ئیمشەو عەیدە؟.

ئەمە لایەک بانی لای چەپی سەربانی ئێمە بەم هەرایە دەستی پێدەکرد... لای ڕاستیشمان، هاوسێکەمان هەلاجە کەڕەکە بوو، ددانەکانی پێشەوەی بەسیر دەچوو، لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو نەدەبوو، هەموو شەوێ عارەقی خۆی دەخواردەوە و ڕەنگە هەر بۆ مزگەوتیش نەچووبێ... کەسێک گەر ئیشێکی پێ بوایە ئەوا دەبوایە دەنگی بەرز بکردایەتەوە، تا نەختێ حاڵی دەکرد قیر سپی دەبوو... ناجیەی ژنیشی یەکێ بوو لەو ئافرەتانەی کەوەک دەڵێن یەکێکیان بۆ شێواندنی شارێک کەمە دوانیشیان زۆرن...

هەواڵی هەموو ژن و پیاوەکانی شار لە گیرفانیدا بوو. دەیزانی فڵانە کەس کوڕی کێیە و کەی و لە کوێ لە دایک بووە و چەند خزمی هەیە و خزمەکانی چ ئیشێ دەکەن و چییان هەیە و، چەند مانگ جارێ یا ئەوان دێن بۆ سەردانی ئەمان و یا ئەمان بۆ سەردانی ئەوان دەچن. هەر غەریبەیەکیش گەر بهاتایەتە گەڕەگ، ئەوا ئێوارە دەمی «ناجیە» دەبووە ئێزگە و لەسەر سێ چوار شەپۆل هەواڵی ئەو غەریبەی بڵاو دەکردەوە. سەرباری ئەمەیش بەکەیفی خۆی و بەتەخمین مێژووی لەدایک بوون و ژن هێنان و خەتەنەکردنی بۆ دائەنا... ناجیە یەکێک بوو لەو ئافرەتانەی بەسات و ڕۆژ پەیوەندی لەگەڵ ئامەدا دەگۆڕا. ڕۆژی وا هەبوو دەچووە پاڵ ناحەزەکانی ئامە و یەکسەر ڕۆڵی سەرکردەیی وەردەگرت و خوێنی لە کەللەسەری ئامەدا دەخواردەوە و بەم کارەی کەسبی زۆربەی ئافرەتانی گەڕەکی دەکرد.

ساتی واش هەبوو بەتەنیا بەرەیەکی دروست دەکرد و بەرگری لە ئامە دەکرد و خۆی وا دەنواند کە نوێنەری شەرعییەتی و ئامەیش نموونەی مرۆڤی مەزن و دۆستی هەژار و لێ قەوماوانە و نابێ کەس بەخراپی باسی بکات... توومەز ئامە لەم فاک و فیکە گەیشتبوو و دەیزانی ناجیە کە وادەکات مەبەستی چییە... بۆیە زۆرجار پێی دەوت من خۆم قسە ناکەم، تۆ بۆ خۆت کردووەتە خاوەنی ئەم کێشەیە؟!!.

مەبەستەکەی ناجیە ئاشکرا بوو... ئەویش ئەوە بوو کەئەو ژنە وا ڕاهاتبوو بەبێ هەرا و هوریا و فەرتەنە نەدەحەوایەوە، هەرکە دەچووە بەرەی دوژمنەکانی ئامە و خۆی لەگەڵیاندا دەگونجاند، کۆڵێک داخوازی تایبەتی بەسەریاندا دەسەپاند، ئەگەر یەکێک لەو ئافرەتانە بەوردی گوێی لە قسەکانی نەگرتایە و جارێک درۆ یا بوختانێکی لێ نەسەلماندایە، ئەوا ناجیە یەکسەر سەنگەرەکەی خۆی دەگۆڕی و دەیزانی هیچ چەکێک وەک ناوی ئامە کاریگەر نییە. جا ئەگەر بەسەر و باڵایاندا هەڵبدابایە ئەوەی دەگەیاند کە نیازی وایە هەر بەزیندوویەتی بیانخاتە چاڵ...... جا بۆئەوەی زیاتر ئەزیەتیان بدات لە خۆیەوە دەیوت:

- ئیمڕۆ ئامەم بینی ئیشێکی خێری بەدەستەوە بوو!.

زۆربەی ئافرەتان لە خۆیان و مێردیان دەکەوتنە گومانەوە و لەم ئیشارەتەی ناجیە وا تێدەگەیشتن کە ئیشی خێر مانای ژن هێنان و ژن خواستن و بەشوودانە... هەموو دەیانزانی ئامە لەم کارانەدا دەستێکی درێژی هەیە... زۆربەی بێوەژنە جل شۆر و نۆک فرۆش و نانەواکانی بەشوو داوە بەتایبتی بەو پیاوە بێکەسانەی کە ژنیان مردووە و مناڵی وردیان لەپاش بەجێماوە...

ناجیە لەگەڵ ئەم هەڵەوەڕێ و بوختان کردنەیدا، زۆر شتی لەبیردەچووەوە... هەرکە جێگۆڕکێی دەکرد و لەناو ئافرەتاندا تەشیی دەڕێست و بەدەم بنێشت جوینەوە قسەی دەکرد گەر ناوێ بهاتایەتە ناو ئەوا لەبیری دەچووەوە کەیەکێک لەم ئافرەتانەی خزمی ئەوە، ئیتر لە پێشیدا باسی ڕەزیلی و بێ حەیایی و ئەگەر قسەکەیان لەدەم نەبڕیبا، ئەوا دەهاتە سەر ڕەوشت و بەخۆیەوە نەدەوەستا هی دایک و باوکیشی دەهێنایە ناوەوە. گەر ئافرەتێک لێی ڕاپەریبا ئەوا یەکسەر بێ سێ و دوو دەیوت:

- بوومە قوربان خودا... ئەیە چ قسەییگە، بیدەسە مەحامی بەڵاش خوو توو ئامە ڕەش نید لەسەر فەقیرەگان بایدە جواو!!. ئەی ئامە خەڕگ وەسەرە ئیمە قەدری نێزانین وە ئیمام عەلی کەوشەگەی گشت ژن ئەی شارە تێرزد.

ئەم ڕستەیە سەرەتای شەرێکی هەزار بارەکراوی ئێوارانی گەڕەکەکەمان بوو. هێشتا ئەم شەڕە لە چاو شەڕی لەگەڵ هەلاجە گەڕەکەی مێردیدا هەر هیچ نەبوو... بەتایبەتی کەپێی دەوت:

- هەی جرتگە هەی جڵ فڕ.... دی بەوە ماڵ... تو قەدرد لەلای کی هەس؟... بەو کەمی حورمەت خۆد بگر و لە حوجرەگەی خۆد بنیش... هەی ئاو ڕووشن کەرە بەسە دی، حەیامان تکیا لەناو عاڵەم حەیا خۆی چەس قەترەییگ ئاوە... ئەگەر تکیا...؟!

حەوشەکەیان دوو ژووری تیادا هەبوو، ژووری یەکەم هی مێردەکەی بوو و ژووری دووەهەمیش هی خۆی و هەر سێ مناڵەکەی بوو کەبەناوی گۆرانی بێژەکانی «میسر» ناوی نابوون. «کەلسووم و ئەسمەهان و فەرید»!!.

هەڵاجی مێردی کە لە ئیش - لە ماڵان - دەگەڕایەوە، دەچووە ژوورەکەی خۆی و پرێمزەکەی دائەگیرساند... بەدەم گۆرانی چڕینەوە هەندێ تەماتەی سوور دەکردەوە.

ئێوارانیش ئاوڕشێنی سەربانی دەکردو نوێنەکەی خۆی سەردەخست و لەگەڵ بولبولەکەیدا لەسەربان بێدەنگ دەبوو و خەیار و تەماتەی بۆ بولبولەکەی پاک دەکرد و عارەقەکەی دادەنا و گوێی لە هەرا هەرا و قیژەی ناجیە نەدەبوو زۆرجار وا ڕێک دەکەوت لەشەڕێکی ناجیەدا پۆلیس دەهات و ناجیەیان دەبرد، مێردەکەی نەک خۆی نەدەکردە خاوەنی، بەڵکو نەیدەویست بزانێ چی بووە و لەسەر چییە و ژنەکەی چی بەسەر هاتووە. هاوسێکان بەڕەڵڵایان دەکرد... هەندێ جاریش ئامە دەچووە لای «مەجەی قومسێر» و ناجیەی بەڕەڵڵا دەکرد، مەجە ئامەی بەدایکی خۆی دەزانی ئەوەندە ڕێزی لێ دەگرت و شەرمی لێ دەکرد ئەو هەر شتێکی بووتایە، مەجە ڕەتی نەدەکردەوە. ئەگەر جار جارێ لە مەسەلەیەکی گەورەدا، مەجە دەسەڵاتی نەبوایە ئەوا ئامە پێی دەوت:

- ئۆغلم مەجە سویتم حەراموو ئۆڵسن .

مەجە هەر گوێی لەمە بووایە خۆی دەچووە لای معاون و مودیر شورتە، تکای دەکرد تا ئامە ڕازی دەبوو.

دایکی مەجە بەسەر مەجەوە چووبوو. باوکیشی قاچاغچی بوو. کوڕەکەی دابوە ئامە، هەموو مانگێکیش پارەو جلوبەرگ و پێویستییەکانی بۆ جێبەجێ دەکرد. ئامەیش نەک وەک دایەن بەڵکو وەکو دایک بەخێوی دەکرد... مەجە گەورە بوو، باوکی مرد و ئەویش بووە پۆلیس و لەبەر زیرەکی خۆی زوو زوو تەرفیعی دەکرد، ببوو بەقۆمیسەر.

هەرکە ناجیە لە پۆلیس خانە دەهاتەوە، دەیکرد بەهەرا و لەگەڵ مێردەکەیدا هەتا بەیانی نەیدەبڕییەوە... خەڵکیش نەیان دەزانی مێردەکەی ئەوەندە کەڕە و گوێی لەو حەمکە هەرا و هوریایەی ناجیە نییە یان خۆی لێ کەڕ کردووە و نایەوێ بەدەمێدا بچێتەوە کەناجیە دەمی دەکردەوە دەیوت:

- هەی گەواد... هەی بی شەرەف... هەی حیز... توو ئاخر توو پیاوید؟ دایگە قەحپەگەد... خۆشکە گاندەرەگەد... برا لوتییەگەد...

هەرئەوەندە دەما بیگەێنێتە ئادەم و حەوا... لە پاڵ جنێوداندا بەمێردەکەی، جنێوی ئەو تۆی بەو کەسانەش دەدا کەوا شکاتیان لێکردووە... ئیتر مەگەر هەر ناجیە خۆی بیزانیبایە چی دەوت!!

مامم گەلێ جار دەیویست هەڵسێتە پێ و بڵێ ناجیە، نیوە شەوە و هیلاکین و دەمانەوێ بخەوین کەچی ئامۆژنم نەیدەهێشت و بەماممی دەوت:

- هووس هووس، ئەوە باس فڵانی کەد... بووس جاری بیلا بزانین چەیژد.

ئامۆژنم مەبەستی ئەوە بوو زیاتر خەبەر و هەواڵی نوێی دەسکەوێ. توومەز زۆربەی پیاوەکان هەمان نیازی ماممیان هەبووە و ژنەکانیشیان وەکو ئامۆژنم مێردەکانیان دەم کوت کردووە بۆ ئەوەی مەعلوماتی پتر بەدەست بێنن و پاشەڕۆژ بیخەنە کار.

***

ئێوارەی ڕۆژێکی بەهار، بەهاری ساڵێکی بەپیت و پڕ بەرەکەت و پڕ خێر و خۆشی، هێشتا هەتاو لەناو دارخورماکانی ئەو دیوی ئەڵوەنەوە تیشکەکانی لەناو ئاوەکەدا ڕەنگی دەدایەوە، ماسی گرەکان تۆڕەکانیان دەرنەهێنابوو، هێشتا مەلەکان بەرەو هێلانەکانیان نەگەڕابوونەوە و لەسەر ئەم دار و ئەو دار بوون، خەڵکێکی زۆر بەخاوو خێزانەوە... لە ڕۆخی ئەڵوەندا دانیشتبوون، سەماوەری زەرد و قۆری و مەنجەڵە یاپراخ و میوەیان ڕیزکردبوو... ژن بەجیا و پیاویش بەجیا هەڵپەڕکێیان دەکرد. دەهۆڵ و زوڕنای عەلە سنجاوی و دوومەڵەگەکەی سەعە دەوڵچی و گۆرانێیەکانی خوداداد و خولە کەلۆر تێکەڵ ببوون، زەردەخەنە و پێکەنین لەنجە و گۆرانی چڕین لە سەردەمی گەورە بچووک و ژن و پیاودا بوو، زۆربەی زۆری دووکان دار و کاسب کاران دەستیان لە ئیش هەڵگرتبوو و دووکانەکانیان داخستبوو و لەم بەزم و ئاهەنگەدا بوون کە لە خانەقی پێی دەوترێ «چوار شەممەسوورە». ئاهەنگی ئەو چوار شەممە سورەیە هەرگیز لە یاد ناچێتەوە...

لە کاتێکدا ئەو خەڵکە ئەو ئاهەنگ و خۆشی و شادییە بوون لەپڕ کارەساتێکی دڵ تەزێن ڕوویدا.

پۆلیسە سوارەکان هەمیشە لە ئاهەنگی ئاوها لە هەموو چوار شەممە سوورەیەکدا ئامادە دەبوون و نەیاندەهێشت خەڵکەکە شەڕ بکەن و بەقسەی خۆش یا بەتێڵڵا ناوبژییان دەکرد.

ئەو ئێوارەیە «خوداداد و خولە» گۆرانی ئەوتۆیان دەووت و یەک بۆ یەکی دەسەندەوە و هەموو ئەو خەڵکەیان مەست کردبوو، بە جۆرێ شایێ و هەڵپەڕکێکەیان گەرم کردبوو مناڵی دوو سێ ساڵە شانی هەڵئەتەکان، پۆلیسە سوارەکانیش بەشداری هەڵپەڕکێیەکە بوون تەنانەت هەندێکیان سەرچۆپیشیان گرتبوو ناو بە ناویش لە خۆشیان تەقەیان بۆ هەوا دەکرد. لە گەرمەی ئەو زەماوەندە و شایلۆغانەدا لە پڕێکەوە هاوار و قیژە هەڵسا....

- ئەرێ وەڵڵا مەجە قومسێریان کوشت!!.

شایی تێک چوو، بووە قەڵەباڵغی و هەڵڵایەک سەگ خاوەنی خۆی نەدەناسییەوە، ئالە و سەر و بەرەدا ئامەی چەمەری وەکو فریشتە قووت بووەوە.

بەهەر جۆرێ بوو ڕێم بۆ خۆم کردەوە و سەیرم کرد ئامە سەری مەجەی ناوەتەوە سەر ڕانی و دەست بەڕوومەتیدا دەهێنێ....مەجە گوللەیەکی کاریگەری بەر سەری کەوتبوو هەر دەستبەجێ گیانی دەرچوو بوو و کەسیش نەیدەزانی ئەو گوللەیە لە دەست کێ دەرچووە.

ئامە بەجۆرێ دەیلاواندەوە بەردی دەتاواندەوە...ئەوەندە خۆی کوشت و پرچی خۆی ڕنییەوە تا بوورایەوە....مەجەیان هێنایەوە و بردیان بۆ خەستەخانە و سبەینێ تەرمەکەیان دایە دەستی ئامەوە. کاتێ کە بۆ گۆڕستانیان دەبرد ئامە لەگەڵ زەلامەکاندا شانی دابووە بەر دارە مەیتەکە. هەر چەندە مەلای مزگەوت و پیاوە ڕیش سپییەکان لێی دەپاڕانەوە و دەیانوت جایز نێیە ئافرەت تەرمی پیاو هەڵگرێ بێ سوود بوو وەک نەیانتوانی نەهێڵن بێتە قەبرسان ئێمەی مناڵانیشیان بۆ دابین نەکراین. من کەوتبوومە دوای ئامە ئەویش فەرزی کردە سەر پیاوەکان کە خۆی دایدەگرێتەوە ناو قەبرەکەوە و کفنەکەی ڕوومەتی لادەدا. بێ سوود هەوڵیان دەدا کە ناجایزە و شەرع ڕێ نادات، بەڵام ئەوەی مەبەستی بوایە و قەناعەتی پێ بوایە هیچ کەسێ نەیدەتوانی ڕێی لێ بگرێ...هەموو شتێکی جێبەجێ کرد. ئەگەر چی زۆربەی خەڵکی شار کەوتبونە دوای تەرمەکەیەوە و دڵگیر بوون و بۆ ئەم جۆرە مردنەی مەجە غەمبار بوون بەڵام زۆربەی ئافرەتانی گەڕەک هەر لە دایکمەوە تا ناجیە بە مردنی مەجە دڵخۆش بوون، نەک لەبەر ئەوەی ڕقیان لە مەجە بوو...مەجە نەک کوڕێکی زۆر چاک بوو، بەڵکو خۆشەویستیش بوو. زۆربەی خەڵکەکە خۆشیان دەویست چونکە چاکەی لەگەڵدا دەکردن و بە هانایان دەهات.

هەتاکو قاچاغ چێیەکانیش ڕقیان لێ نەدەبۆوە، چونکی هەر قاچاغ چییەکی بگرتایە بە مەحکەمەی نەدەگەیاند، بەڵکو تەمێی دەکرد. ئافرەتان کە مەرگی مەجەیان پێ خۆش بوو لەبەر ئەوە بوو کە ئەو لە بەیندا چوو ئیتر مەزبەتەکەیان بۆ دەکرێ و ئامە شاربەدەر دەکرێ و کەسیش پشتگیریی ناکات.

***

- دایە، دایە.

-............

- چەبی قسەی وەگەلد کەم ئەرا جواوم نێدەی؟

- چەدە؟

- ئیمڕو چیمە بازاڕ.

- ئێ.

- ئەو دوکان دارە ناوی چەس؟ ناوی نێزانم وەتە پیم سەعدە شیت.

- ئەرا؟

- نێزانم هەر لە خۆیەو.

- توو چە وەتیدە پی؟

- هیچ وەگەل دوێت هاوساگەمان چیم، یاروو تازە بارکردنەس. دایگی وەت بچن ڕوین بسینن.

- چەند جار وەتمەسە پیدان نەچن ئەرا بازاڕ؟

- ئێ خۆد ئەرا چید؟

- من ژنیگ گت گەورام، پیاو و نەعلەگەم، چەند جار لە گوشد گردمەس و وەتمەسە پید ئەگەر لە ماڵ دەربچید خۆد زانید!.

- ئێ چە بکەم؟ توو لە ماڵ نەوید، ئەویش دایگی هات و ڵاڵکیاوە پیم دایە گوناحن، غەریبن، بیلا ڕێگە نیشانیان بدەم چەبوود خوو کافرسانی نییە.

- ئەرا توو چەند جار بازاڕ دیدە تا نیشانیان بدەی؟

-............

- بیژ.

-............

- کە وەتە پید چە جواوی داید؟

- هیچ، سەرم خستمە خوار.

- ئەرا ترسیاید و سەرد خستیدە خوار چەکردیدە؟

-............

- ها؟.

-............

- بیژ.

-............

- بیژ نەترس خوو دار نەگردمەسە دەسم چە وەتە پید؟

-............

- نەترس ڕووڵە.

- وەتە پیم مەمگد گەورا بێیە.

- ها!.

-............

- کامە دوکاندار بی؟ تا بچم ئیسە حەیا و نامووسی بووەم لەناو بازاڕ؟

- خۆمان ناموسمان چد!.

- ئەرا دزی کردیمنەس یا خیزی؟. جاریگ تر ئەگەر ئەیانە هاتن وەتنە پید بچینە بازاڕ بیژ دایگم قەبووڵ نێکەد.

- وەتمە پییان.

- ئێ دی ئەرا چید؟

- وەتن دایگد تلیاک کیشد ئەرا خۆی حەڵاڵە، ئەرا توو حەرامە بچیدە بازاڕ؟

- دوو ڕوژ نێود وەپای قەدەم شەڕیان هاتنە سە ئیرە، جاری من کەسیان نێناسم؟

دایگی وەت یا باوگی؟

- نەء کوڕە گەوراگەیان!.

- ها...بژنەف جاریگ تر پاد لە وەردەم قاپی دەرنێچدە دەشت....فامستێ؟ ئیژمە پید ئەگەر ئەیانەش هاتن جواویان بدە. فامستێ؟.

- دوێکە شەو خەفتبیم دوینستم کوچگیگ لە بان خانییەگەیان فڕەدا وەی دیم. . خاس بی سەرم نەشکیا ئیمشەویش کەوچک چای خستە بان سەرم!!.

- توو چەکردی؟

- ترسیام و هاتم لە حەوش خەفتم!.

- دی لەسەر بان نەخەف. ڕووڵە...بەو لە حەوش جیگەبخە .

- حەوشەگەمان فرە بیجگ و گەرمە...ئەیە کەی حەوشە؟

- وەجیرو جەهەنم چارە چەس؟ ئەگەر شەویگ!! هیچ... لە خوار بخەف و بوڕە وەی.

- پیرەکەیش.

- چەبی؟

- - کوڕەی گەی وەرانوەرمان.

- ئێ.

- وە تیرکەمان کوچگیگ وەشاندە قاپییەگەمان، خاس بێ نەشکیا، منیش چیم بزانم کییە؟ دوینم چا و ئەرام هەڵتەکند وەدەس ئەرام ئیشارەت کەد و ئیژد.

- بەو.

- ها! باوگد لە ماڵ نەوی؟.

- بەلی....خەفتبی.

- ئەرا خەوەر داری نەکردید؟

- ترسیام وە خوتە خوت جەرگم بخۆد.

ئامەی هەستیار و شارەزا کە وەک دەروون شناسێ سەرنجی هەموو جووڵە و ڕەفتارێکی دەدا. دەیزانی هیچ جووڵەیەک لە خۆوە نییە و پاڵ پێوەنەرێکی هەیە و ئامانجی تایبەتیش لە پاش ئەو جوڵەدایە هەیە...ئەو نەک هەر تەنیا لە ڕووی ئاگاداری و وردبینییەوە منداڵەکانی خۆی و دەوروبەری دەپاراست و بەس، بەڵکو ئەوەندە وریا و لەسەرەخۆ بوو، پاکانەی بەدڕەفتاری بۆ هەموو کەسێک دەهێنایەوە و دوا قسەیشی بەم شێوەیە کۆدەکردەوە هەموو شتێکی دەبەستەوە بە خێزان و گەڕەک و باوک و دایکەوە. هیچ کاتێک باوەڕی بەوە نەبوو کە بەدکارێک ئیشێکی چاک بکات، ئەگەر ئیشێکی چاکیش لە دەست بهاتایە ئەوە ئامە دەیوت:

- بزانە مەبەستی چییە....یا دەیەوێ ڕەدی ئیعتیبار بۆخۆی بکاتەوە یانیش بەرژەوەندییەکی نادیاری هەیە و خۆی دەیبینێ لە پێناویدا ئەمە دەکات.

کچەکانی ئامە دایکیان زۆر خۆش دەویست بەهاوڕێی خۆیانیان دەزانی و نەک دایکێ کە دارکاری کچەکەی بکات ئەگەر ڕۆژێ بە دایکی بڵێ.

- دایە فڵانە کوڕ چاوی لێ هەڵئەتەکانم...ئیشارەتی بۆ کردم.

دایکیشی بڵێت خەتای خۆتە و ئەم قسەیە بکاتە چەک و لە ڕووی کچەکەیدا لە ناخۆشییەکی بچووکدا بەکاری بێنێ. یا بە باوک و برای بڵێ:

- کچەکەتان لەڕێ دەرچووە.

ئامە مناڵەکانی فێری ڕاستگۆیی کردبوو، بۆیە بەبێ ترس و لەرز هەر شتێک ڕووی بدایە بەڕاست و ڕەوانی بۆیان دەگێڕایەوە... کچەکانیشی بەسەرنجی خەڵکەکە نێچیری چاک بوون...

هەژارن و هیچیان لەدەس نایەت و دووەمیش کچی ئامە تلیاک کێشن... بۆیە هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا کە نەچنە بازاڕ. دەشت و دەر نەکەن...نەک لەبەر ئەوەی باوەڕی پێیان نەبوو... بەڵکو باوەڕی بەو خەڵکە نەبوو کە هەمیشە لە بارەیانەوە دەیانوت:

- گورگ ورسگن...خودا ناناسن....ئینجا وە فەقیریگ وەک ئێمە چوین ڕەحم کەن؟.

ئەگەر چی ئەو دەربەستی هەژارییەکەی خۆی نەدەهات و بەهیچ جۆرێک هەوڵی نەدەدا باری ژیانی خۆیان بگۆڕن، بەڵام جار جارێ خەمی بۆ هەژارییەکەی خۆی دەخوارد...ئەویش کاتێ کە هەتیوێ یا بێوەژنێکی کڵۆڵی دەبینی و نەیدەتوانی یارمەتیان بدات، تفی لە هەژاری خۆی دەکرد...زۆر بە هێمنییەوە گوێی لە قسەکانی کچەکەی دەگرت کە ڕۆژێکیان ئامە زۆر نەخۆش بوو پێی وت:

- دایە.

- ها.

-چشتیگ تر هەس...ترسم بیژمەی و تنیش.

- بیژ.

- ئاخر.

- بیژەی ڕووڵە نەترس.

- نانە واگە نییە.

- ئێ.

- کوڕەگەی هات و لە قاپیماندا. منیش چیم و قاپییەگە بکەمەوە کە نانەگەی دایە دەسم...

- ئێ قوڕنجگ لە لید گرد؟

- نە و دەس دریژ کرد ئەرام، تواست دەسم بگرد... تواست قاپییەگە بکەمەو، وەدەس ڕاسی زوور لە قاپییەگە کرد تا بکریەدە و بادە ماڵ...

- ئێ توو چە کردی؟

- وە زوور قاپییەگەمان وەسام و نانەگە لەلی سەندم.

- خاس کردید.

- ئا...ئم ئم...

- ها عافەریم ڕووڵە . دایگد وە قورباند بوود بەس نییە خودا قوەت دایە پید و ئەقڵیش...ئەو سەگ باوگە هەر خاس بی پاڵ وە قاپییەگە نەدا و بیاتادە ماڵ و دی...

......... - - ئەرا خۆشکەگاند بانگ نەکردید؟ خوو گشدان قاپییەگە...

- ئاخر ترسیام...ئەو سەعاتە ڵاڵ بیم... لە پڕووک چیم.

- لە پرووک چید؟ خاس حەق ئەی کردەوەیە لەلی دەرکەم. بەس کەی...خۆم زانم... کەی و چە بکەم؟

- وەت چەقڵە ئەرا توو فرە جوانید؟ ترسیدە بان خۆد؟

- هاوار کرد؟

- ئا....

- مەحەلە گە ژنەفتن؟

- نە نیوەڕوو بی... بەس شرووب فرووشەگە لەورا بی... دویاخر شرووب فرووشەگە لە قاپیدا...تواست نانەگە بدەدە دەسم، بەس ترسیام بکەمەوەی نەک جاریگ تر باد.

- خاس کردید.

- پارە نەدامە پی. ئیسە ئیژدە دایگی پارە نەدانە پیم.

- گووش مەتکن. پارەگە خۆم دەمەی... دایگی دەروەن نێود... ژن خاسیگە... بەس کورەگەی بەیانی خۆم زانم چەکەمە پی.

- حەیامان نێچد؟

-..................

- ئێ بەیانی زبیلەگە چوین بڕشنم؟ زەبالەگەش.

- کەی؟.

- زەبالەگەش هەم....

-بیژ ڕووڵە ئەو سەگ باوگە چەکرد؟.

- پیرەکە زبیلەگە ڕشانبیمە ناو تەنەکەگە و لە وەردەم قاپی نابیمەی و زوی قاپییەگە وەسام.

- ئێ.

- دوێکە قاپیەگە کردەمە و تا تەنەکەگە بارمە ناو دوینم زبیلەگە هەڵ نەگردییە.

- ئێ ئیمڕوو چەکرد؟

- من زبیل ئیمڕۆش فڕە دابیمە ناوی. تومەز زبیلەگە فرە بییە و لە تەنەکەگە کەفتیسە زەوی و ڕشیایە.

- ئێ.

- دا لە قاپیو کردمەی. دوینم خۆی و کەناسەگە تەماشای یەکتری کەن.

- ئێ.

- هەم وەک کوڕەگەی نانەواگە بەس ئەیجارە قیژە دام، خۆشکەگەم هات...دەمم بەسان.

- ئەوان چەکردن؟.

- وە دروو دەس کردنە هاوار کردن:

- چەس ئەی زبیلە؟ ئەگەر...بەلەدیەی هات و ئیمە گرد؟ خو لە کار دەرمان کەن...خاوەن ماڵ و مڵاڵین.

- ها....ئەیە گشتی لە دڵ خۆد شاردیدەسەو و نەووتیدە سەپیم .

-.......ئەرا؟.

- توو نەوتید سڕدان قایم بوود؟

- ڕوولە وەگەڵ عاڵەم سڕدان قایم بوود...بەس ئەرا من گشتی بیژن، نەشار نەوەی...چونکە ئیوە نیزانن من چوین لە حەقیان تێم.

- لە حەق چەند کەس باین؟

- بیژ.

- نە... ئەگەر خۆم بتوانم لە حەق ئەی مەحەلەیە گشتی تێم، بەس ئاخ و داخ غیرەتم قەبووڵ نیکەد...و ژدانم ڕێگە نێدەد... داخەگە هەر لە دڵ خۆم هەڵگرم.

- دایە بیژ من لە کوڕ نانەواگە ترسم لە کوڕەکەی وەرانوەرمان ترسم. لە کەناس و زەبالە گەش ترسم....چە بکەم؟.

- نەترس.

- چوین؟

- بەیانی خۆم لە قاپی نیشم و نانەگە لە دەسی سینم و زبیلەگەش دەمە پییان.

- ئەی دوو بەیانی؟...ئەی سێ بەیانی؟ تووش هەر لە ماڵ نێنیشید.

- هش...هەقد لەمن نەوود، من خۆمزانم چوین لە دەرەقەتیان تێم...

- چەکەی؟...شکات کەیدە بان بەلەدییە وە بان زەبالەگان مودیر بەلەدییەش؟

- چە ؟ ئەوە چەکرد؟...

-............

- بیژ...

- هأ هأ هأ هأ هأ.

- بیژ نەترس چەکرد؟

-............

- ئیژم بیژ یەعنی بیژ.

- ئاخر یەکیگە دوانە هەزارە؟

- حەقد نەوود ئەوە چەوەت؟ چەکرد؟

-............

- رووڵە وەتمە پید نەترس ئەوە چەکرد؟ خوو چەکەمە پید؟ هیچ نێکەم... خووتە خووت نێکەم... ڕووڵە نەترس... دەی بیژەوەی... دەی.

-............

- ئەی...؟.

- ها ها... بچوود شکات بکە بانیان لە لای خودا.

- هە...هیچ نێکەیمن...شکات لەلی نێکەم...خۆم چارەت کەم... بەس وە خۆشگەگاند هیچ نەیژ ها فامستی؟

- چوین ؟ ئەرا؟....توو نەوە تیدە پیمان گشدان پشت یەکتری بگرن؟!!.

- ها ئێ...قەی نێکەد، گووش مەتەکن...مەترسن لە چاو عەزاوەگان من عەزاو ئیوە هیچ نییە... ڕووڵە ئەی کارانە زوی چارە کرید. بەس کار لەیە گەورا تر هەس کە چارە نێکریەد.

- وەک چە...؟.

- وەک چە؟ وەک مردن؟.

- ئەرا حەز کەی ئیمە بمرین؟

- نە مردن!! کەس فکر نێکەد کە مردن هەس...ئەی عاڵەمە گشتی ئەگەر بان و فکر بکەن کە مردن هەس، هیچ کردەوەی خراو نێکەن...کردەوەی خراو و خاس چوین فەرقیان کەیەد؟ ڕەش لە چەرمی؟...شەو لە ڕوژ؟.

نێزانم ئیوە...گوناحیک کردم کە شوی کردم و ئیوە هاوردمە ئەی دونیایە...بزانستام شوی نەئەکردم.

- ئەرا دایە لە ئیسەوە تەحنە دەید لە لیمان؟.

- نەدایە نە...ئیوە لە زوان من نێفامن، سویچ خۆمە... ئا سویچ خۆمە. گچشتی سویچ خۆمە.

- ئەرا دایە چە کردیدە؟ سەرکی بڕیدە؟

- سەر؟ سەر کەس، ڕوڵە من، سەر کەس نێوڕم.

- بەس چەدە؟

- ئاخر ئەگەر بنیشم و قسە ئارادان بکەم قسەگانم خەڵاس نێون و منیش نێتوانم ئەو عەزاوانە کە خۆمەی ئیوە بخۆنەی ئەرا ڕوژیگ لە ڕوژان لە من نەپرسین دایە ئەرا چە تلیاک کیشید؟

***

کونجەکەی ئامە هەر چەندە بچووک و پیس و پۆخڵ بوو، ڕەنگی هەموو دنیای دەدایەوە...لە بزە و خۆشی و پێکەنینی ڕاستی تا خەونی ئاڵوز و ئازار و فرمێسکی گەرم و ئەو پەڕی سۆز و خۆشەویستی تیادا بوون...ئەگەر بە چاوێکی خاوێنەوە سەیری هەر تفاقێکت بکردایە...ئەوا هەموو شتێکی ڕەنگی دەدایەوە بۆ نمونە:

سەرینێکی دە دوانزە ڕەنگ و هەر ڕەنگەی پارچە کراسە کۆنێکی و بەدەس پینە کراوە و کراوەتە بەرگە سەرین، لەو سەرینەدا سەدان دڵۆپە فرمێسکی گەرم و سەدان خەونی خۆش و ئاسوودە و هێمن، سەدان بزەی فێنک و خەمی جۆراو جۆر جێیان بۆ خۆیان کردبووەوە...

هەروەها هەموو تفاقەکانیش بەم جۆرە بوون. کونجێکی نزم دەبوایە هەموو ڕۆژێ کچەکانی بەجام و سەتڵ چڵکاوی حەوشەکەیان دەردایە، سەربانەکەیان بێ ستارە بوو. دەرگای حەوش...چەند تەنەکەیەکی ژەنگاوی بوو درابوونە دەم یەکەوە، بەهەندێ تەختەی ڕزیووەوە جێگیر ببوو... لە دیوی ناوەوە بزمارێکی گەورە زنجیرێکی ژەنگاوی بەقەدەوە بوو و....

دەرگاکەیان پێ کلیل دەدا...ئەگەر جار جار ڕەشەبا هەڵیبکردایە...ئەوا ڕەشەباکە خۆی بەدەرگای ماڵی ئامە تاقی دەکردەوە و دەیشکاند بارانیش لە حەوشەکەیاندا گۆمی دەبەست...ئەگەر کەسێ لە بارانە ڕۆژێکدا بچوایەتە ماڵی ئامە و جزمەیشی لەپێ بووایە، ئەوا تا ئەژنۆی دەچەقییەوە ناو قوڕاوەکەوە... ئەمەیش یەکێ بوو لەو نهێنییانەی کەم کەس بۆی شی دەکرایەوە کە ئەو بۆچی هەمیشە پێی پەتییە....شەوانی زستان و هاوین حەوشەکەیان و بەر دەرگاکەیان مۆڵگەی چی سەگی خوێڕی ئەو ناوە بوو... مام ڕحمەتی مێردی لە سەردەمێکی زوودا کە بە پاس قەمەرە دەچوون بۆ حەج، جارێک چووبووە حەج و پێیان دەوت «حاجی بیسمیللا» بە جۆرێ باسی حەجی دەکرد هەموو خەڵکەکە کەوتبوونە گومانەوە و باوەڕیان نەدەکرد کە ئەوەی بۆی چووە حەج بووە...

هەموو جارێ لە هەموو شوێنێکدا قسەی دەکرد... هەرگیز گوێی لە هیچ قسەیەک نەدەگرت. گرنگ ئەوە بوو خۆی قسە بکات، لە هەموو شوێنێکدا بەم شێوەیە باسی حەجی دەکرد.

- بەقوڕم گرت... یا خوا دوژمنیشم ڕێی نەکەوێتە حەج... خۆ ڕێگاکەی هەر نابڕێتەوە...

سەحرایەکە بنی نییە... پەنجا ڕوپیەم خەرجکرد، کەشیدەیەکم کڕی. فرە دووعام بۆ ئەهل خانەقین کرد، وە تووڕەیییەوە زنجیری مەرقەدەکەم ڕاوەشاند وتم:

- یا رسول الله... توام هەر دوو چاوی کوور بکەید... ڕسوای بکەید وە پەن دوونیا و قیامەت بکەیدەی.

ئەگەر یەکێ لێی بپرسیایە ئەم دووعایەت لە کێ دەکرد، یەکسەر دەیوت:

- خۆی زاند.

مەبەستی ئەوە بوو ڕەسولەڵڵا خۆی دەزانێ.

بەردەوام دەبوو لەسەر قسەکەی و دەیوت:

- بیس فاتیحە ئارا باپیرم «باوە نویر» خۆنستم یەک ڕووپیە وە ڕووی خودا و مەولود پێغەمبەر (سەڵڵەڵلا عەلەیهی وەسەلەم)...کردە خیر.

سەیری دەوربەری خۆی دەکرد بە توڕەیییەوە دەیوت:

- ئەیە چوین زەمانیگە بزانم کەس نایژد (سەڵڵەڵلا عەلەیهی وەسەلەم) کافرن، خو بوسڵمانی هەر نەمایەس... ئەی کافرە بێ دینەگان... نە سویچ ئیوە نییە...گشتی سویچ عەلمۆدەگانە و ئیوە کافر بینە...

خەڵکەکەیش بەبزەوە دەیانوت:

- سەڵڵەڵلا عەلەیهی وەسەلەم.

حاجی بیسمیلا زۆر دڵی خۆش دەبوو... لەسەر یەک دەیوت: عومر دریژ بوون.... خودا ئیمان بدەدە پیدان...کوڕم ئەی عەلمۆدانە عەلامەت ئاخر زەمانە... گشتیان زووڵە شەیتانن... لە جەوەڵ «قاف» هاتنەس...گەڕەگ ڕەجمیان بکەن... لە حەج من ڕەجم شەیتان کردم دەک وەنەعلەت خودا بوود.

دیسانەوە ڕووی لە خەڵکەکە دەکرد و ئەم بێدەنگییەیانی بەدڵ نەدەبوو... خەڵکەکەیش تێ دەگەیشتن حاجی بیسمیللا چی ئەوێ، هەموویان بەیەک دەنگ دەیانوت:

- وەنەعلەت خودا بوود شەیتانی ڕەجیم.

سوپاسیانی دەکرد و دووبارە دوعای عەمر درێژیی بۆ دەکردن و بەردەوام دەبوو لە قسەکردن.

- جەوەڵ عەرەفات «دەک ڕوحم وە قوربانی بوود» (وای دەزانی عارەفات ناوی پێغەمبەرێکە) ئەوەنە بەرزە، ئەوەنە بەرزە، مەگەر هەر خوداو حەزرەت عارەفا بزانن...

چەنی بەرزە...ئەو جەوەڵە موبارەکە «روحم وە قوربانی بوود». ئەگەر یەکێگ لە گوێگرەکانی بویتایە «ئامین» ئەوا حاجی بیسمیللا بێنج دەقیقە دوعای بۆ دەکرد:

- عمر دریژ بید کوڕم... ئینشائەڵڵا جیگەد جەنەت النعیمە...خودا ئیماند بدەد... سەد ڕەحمەت لەو دایگ و باوگە...قەوریان پڕ بوود لە نویر... ئینشائەڵڵا کوڕم لە شەڕ شەیتان خودا دویرد بخەد... لەی عەلمۆدانە دویرد خەد... لە جەوەڵ عەرەفات چوین ئەرا سەر ئەو بیرەی حەزرەت ئیبراهیم لەو سەحرایە هەڵیکەندییە....

دیسانەوە بێ دەنگی خەڵکەکەی بەدڵ نەدەبوو، خۆی لەسەر یەک دەیوت:

- حەزرەت ئیبراهیم (جەددم وە قورباند بوود).

دەموچاوی حاجی بیسمیللا دەگەشایەوە...

- ئێ... شەیتانی لە عین ڕەجم کردین... حەجەرل ئەسوەد ماچ کردین... نماز جومعە و جەماعەت کردین... هاتینەوە.

ڕەنگبێ گەورە و بچووک، ژن و مناڵی خانەقین هەموویان زیاتر لە سەدجار ئەم قسانەیان لە دەمی حاجی مێردی ئامە بیستبێ... گوێی لە قسەی کەس نەدەگرت.

مەبەستی بوو بزانێ چی هەیە و چی نییە... دەستی بۆ هەرشتێ ببردایە یەکسەر بیسمیللایەکی دەخستەسەر، لە ڕۆژێکدا زیاتر لە هەزار بیسمیللا بەسەر دەمییەوە بوو...

بۆیە ناویان نابوو حاجی بیسمیللا... خەڵکەکە دەیانوت:

- حاجی خوڕووف بییە... ئەوەی باسی دەکات حەج نییە... ئیمامێکە لە ئیمامەکانی ئەو خوارە.

حاجی لە ئامە زۆر دەترسا...لەهەر شوێنێک دانیشتبا، ئەگەر خەڵکەکە بێزار بوونایە ئەوا بەدرۆ دەیانوت:

- ئەرێ وەڵڵا ئامە هات.

حاجی بەستەزمان سەری لێ تێک دەچوو... گەلێ جار کڵاش یا چەرخ یا تەزبیحەکەی جێ دەهێشت و بەدزییەوە ڕای دەکرد. پاش یەک دوو سەعات بەدزە دز نزیک دەبووەوە، هەواڵی کڵاش یا تەزبیح و چەرخەکەی دەپرسی... ئەکەر ڕێک بکەوتایە حاجی و ئامە بەتەنیشتی یەکەوە بوەستابان ئەوا دوو شتی ئەوەندە جیاواز و دژ بەیەک دەردەچوون وەکو هەمو خەڵکی دەیانووت: ماشاء الله لە قودرەت خودا.

حاجی بیسمیللا لە قامیش باریک تر بوو، ئەوەندە درێژ بوو بۆ هەرماڵێ بچوایە، نیو مەتر سەری دادەگرتە خوارەوە هەتا لە دەرگاکەوە دەچووە ژوورەوە، ڕیشێکی تەنگی سپی وەکو بەفر خۆی بەزۆر بەڕوخەسارە لاوازەکەیدا هەڵواسیبوو، دشداشەیەکی سپی پاک، دوو کەشیدەی پاکتر یەکێ بۆ سەری ئەوی تریش دەیبەستە پشتی... جوتێ کڵاش...

گیرفانەکانی پڕ بوون لە تەباشیری سپی... کڵاشەکانی پێ بۆیاخ دەکردن، تەزبیحێکی درێژ وەکو ملوانکە بەملییەوە بوو... ئەوەندە پەڕووی سەوزی بەستبووە سەر دەستەکانی، ئەوەندەی تریش دووعا و نووشتە بە قۆڵییەوە بوو... هەمیشە چاوی بەکل دەڕشت. ددان لە دەمیدا نەمابوو. تاقمێکی ددان هەبوو بە موناسەبات دەیخستە دەمی هەمیشە دەیپێچایە چەند پەڕۆیەکەوە لە گیرفانەکانی دایدەنا، لە یەک کاتدا دوو سێ کاسبیی دەکرد: یەکێکیان سەرەکی بوو، ئەوانی تریش لە پاڵ ئیشەکەیەوە بوون: سەبەتەیەکی هەبوو هەمیشە کای سپیی تێدا دادەنا و هێلکەی دەخستە ناو سەبەتەکە بەهەموو کۆڵانەکاندا دەسوڕایەوە و هاواری دەکرد:

- خایە، خایە، خایە.

خەڵکەکە دەیانوت:

- هەموو شەوێ حاجی بەدەم خەوەوە دەڵێ:

- خایە، خایە، خایە.

ئەگەر یەکێ سێ هێلکەی بویستایە نەیدەهێشت دەست بخاتە ناو سەبەتەکەیەوە. خۆی بە ئەسپایی و بە بسم الله... سێ هێلکە و سێ بیسمیللای دەدایە... ئەگەر ڕوبعێکی بدابایە ئەوا کیسەی پارەگەی لە باخەڵی دەردەهێنا... دەیکردەوە و دەیوت: بیسمیللا.

پارەکەی تێدا دادەنا و دەیوت بیسمیللا...چەنی وردەی بکەوتایەتەوە ئەوا دەیوت: دەسد بار بیسمیللا ئەیە... ئەی...بس...بس...بس...می...للا.

دوو کاسبییەکەی تریشی ئەوە بو ئێواران عارەبانەیەکی بچووکی هەبوو بە کۆڵانەکاندا دەسوڕایەوە چەقۆ و مەقەستی تیژ دەکرد و جار جاریش بەتایبەتی لە ڕەمەزاندا لەبەر چایخانەکان دوو سێ سینی پاقلاوەی دادەنا و بە «بسم الله» وە دەیفرۆشت، خەڵکەکە حاجییان خۆش دەویست . ئەمیش لە هەموویان زیاتر ئامەی خۆش دەویست و لێیشی دەترسا...لەم دوو سێ شتە زیاتر هیچی نەدەزانی:

هێلکە: چەقۆ، قەیچی، پاقلاوە، حەج و حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی عارەفات!!.

ماوەیەکی زۆر گەورە و بچووک دەیانبینی گاڵتەیان پێ دەکرد، چونکە ڕۆژێ بەدزییەوە چووبووە لای مەلای مزگەوت، نیو دیناری پێ دابوو کە فاتیحەی پێ ڕەوان بکات، مەلایش هەرچییەکی لەگەڵ کردبوو، بێ فایدە بوو، پێی وتبوو، هەموو ڕۆژێ سەد جار دووبارەی بکەوە... حاجی «بسم الله» لەگەڵ هێلکە و بیسمیللایدا بە دەنگی بەرز و بەناڕەوانی فاتیحای دەخوێندەوە لە خەڵکەکە ئاشکرا بوو کە فاتیحا نازانێ خەڵکەکە پێیان دەوت.

- ها... حاجی لە حەج ئەرا باپیرد باوە نویر چەند فاتیحا خۆنستی؟.

.............- - ها حاجی؟

***

ئامە و حاجی و سێ کچەکەی لەو کونجەدا بوون کە ژوورێکی گەورە بوو بە لێفەی کۆن کرابوو... دوو ژوور یەکێکیان حەمام و مەتبەخ بوو، زەخیرەشیان تێدا دادەنا، ئەوی تریش هەروەکو ئەم وابوو... تەنیا ئەوەندە جیاوازییان هەبوو یەکەمیان کەمتر بۆنی ڕۆن و پیاز و سابوون و کەمتر دەنگی پەرەمێز و تەقە تەقی قاپ و قاچاغی لێوە دەهات... کچەکانی ئامە ناویان سەعدییە... هەندێ خێل بوو نە لە ئامە دەچوو نە لە حاجی، گەنم ڕەنگ و باڵا بەرزبوو، تەمەنی بیست ساڵ دەبوو، زۆر پاک و تەمیز بوو جلی کوردی لەبەر دەکرد و فۆتە و چەرغەتیشی بەسەرییەوە دەبەست گەنجەکان دەیانوت:

- خۆزگە کچی ئامە تلیاک کێش نەدەبوو.

دووەم سوعادە... تەمەنی شانزە ساڵ بوو هەتا سێی سەرەتایی خوێندبوو، جوان بوو، سێهەمیان ناوی وەجیهە بوو... پێیان دەوت وەجەکە...لەیەک کاتدا لە ئامە و لە حاجی بیسمیللایش دەچوو... قەڵەو و ئەسمەر، دەم و لچ ئەستوری باڵابەرز، ئامە لە گەڵ حاجی بیسمیللا و سێ کچەکەیاندا ژیانی ئیمپراتۆریانەی هێمن و بێ گیروگرفت و ئاسوودەیان بەسەر دەبرد، ڕاستگۆیی و خۆشەویستی لەنێوانیاندا وەک شەماڵ باوەشێنی ماندووبوونیانی دەکرد و ئارەقی شەکەتییانی دەسڕییەوە، ئامە هەستی بەوە کردبوو کە هەرچی و پەرچی هەن بە دەوری سەعدییەی کچی دا دێن و دەچن، بەڵام هەر بە گومان بوو، دەیویست بەهەر جۆرێ بێ شتێ، قسەیەک بەدەست بێنێ بەڵام باشترین شتێ بەلای ئامەوە ئەوە بوو لە دەمی سەعدییەوە شتێ ببیستێ.

سەعدیە تەنیا بە ئیشارەت لە دایکی گەیاند کە چی بووە نەیویست پێی بڵێ:

- دایکە... مانگێ لەمەو بەر، کەس لە حەوشەکەدا نەبوو، دنیا زۆر گەرم بوو، جلم دەشۆرد. بەتەنیا بە ژێر کراسێکەوە لە تەنیشتی بۆرییەکەوە دانیشتبووم وردە وردە بەدەم ئیش کردنەوە گۆرانیم دەچڕی... لە پڕ دەرگای حەوشە کرایەوە، ڕەحیمە کەچەڵی نەوت فرۆش هاتە ژوورەوە. من زمانم بەسرا ئەویش چاوی چووە تەوقی سەری. تا چەند دەقیقەیەک هیچی نەووت و منیش هیچم پێ نەکرا... نەمزانی چۆن خۆم داپۆشم... نەم وێرا هیچ بڵێم... بەبێدەنگی لە جێگەکەی خۆمەوە سەرنجم دەدا و ئەویش نازانم چی لە سەرنجەکانی دادەباری، دەرگای حەوشەکە هەر کرابووەوە، ڕەحیمە کەچەڵ نزیکم بووەوە پرچەکەمی گرت ویستم هاوار بکەم نەمدەتوانی زمانم لە گۆ چووبوو. هەڵیسانمەسەرپێ، وا بزانم هەندێ قسەی کرد، نەمزانی چی دەڵێ، منیش هەندێ شتم وت، خۆیشم نەمزانی چی دەڵێم.... دەستی گرتم و ڕایکێشامە بەر دەرگای حەوشەکە، دەرگاکەی بەست هەناسە بڕکێی بوو، لەپڕ وەکو دڕندەیەک پاڵی پێوە نام لەسەر پشت کەوتم، بەدەستەسڕەکەی توند دەممی بەست، هیچ هێزێ لە لەشمدا نەمابوو، هەر چەندە هەوڵی ئەوەم دەدا بەرگری بکەم هەموو ئەندامەکانی لەشم... زمانم تووشی ئیفلیجی هاتبوون، ژێرکراسەکەی بەرمی دڕاند خۆی خستە سەرم، لەتاو ئێش و ئازار زمانم کرایەوە و هاوارم کرد جارێکی تر قیژاندم، کەناسەکە بەشان دەرگاکەی کردەوە هاتە ژوورەوە ڕەحیمە کەچەڵ حەپەسابوو... دەترسا، کەناسەکە هیچی نەووت...بەدەستی چەپی هەڵی ساندمەوە، دەستی ڕاستی لە خوێنەکەم وەردا و بەسەر و چاوی ڕەحیمە کەچەڵیدا هێنا... هەندێ شتیان وت... نازانم چاکم نەدەبیست و تێی نەدەگەیشتم...کەناسەکە بە ئەسپایی کراسێکی بۆ هاویشتم و وتی:

- دوێتم قەی ناکات.

ڕەحیمە کەچەڵی نەوت فرۆشی بە پاڵەپەستۆ دەرکردە دەرێ... پەڵە خوێنەکە لەسەری زەویەکەدا گۆلی بەستبوو، هەر سەیرم دەکرد جلەکانم هەروا لەو ناو تەشتەکەدا مابوونەوە... حەپەسابووم... ئازارم زۆر بوو و لە پڕ وەجیهە هاتەوە... سەیری کردم زانی شتێ بووە، هەرچییەکی لێ دەپرسیم نەمدەزانی چی دەڵێ و کە وەڵامیشم دەدایەوە نەمدەزانی چی دەڵێم... هەر چۆنێک بوو خۆمم گرت... نەموێرا قسە بکەم... کەسیش بێجگە لە ڕەحیمە کەچەڵ و کەناسەکە بەو مەسەلەیەی نەدەزانی... پاش دوو ڕۆژی تر ڕەحیمە کەچەڵ پەیدا بوو... هەڕەشەی لێ دەکردم دەترسام... نەمدەزانی چی بکەم... ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڕێکانی دەهێنا و فرسەتیان دەدۆزیەوە هەرکە کەس لە ماڵ نەبوایە دەهاتنە ژوورەوە بەزۆر، بە هەڕەشە و وگوڕەشە ئەیانترساندم منیش ناچار... ئەی هاوار دایکە بچۆ بۆ لای خوا شکات بکە... مراقبی بەلەدییەکەش ڕەحیمە کەچەڵ هاوردی ووو.

سەعدیە یەک دوو جار ویستی بە دوورودرێژی ئەم باسە بۆ دایکی بکات... هەر نەیدەوێرا... تا بە ئیشارەت تێی گەیاند... ئەو ئێوارەیە پاش ئەوەی کە زۆر شتی بۆ ئامە گێڕایەوە، ئامە ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا....نەخۆش کەوت، سەعدیە دڵی زۆر پێی سووتا.

ئەو بڕیارەی کە هەموو ڕۆژێ دەیدا و دەیویست ئەنجامی بدات، بەڵام ترس ڕێی لێ دەگرت ئەو ڕۆژە لەبەردەم دایکە نەخۆشەکەیدا بڕیارەکەی ئەنجام دا بەوەی بە دزییەوە شووشەیەک نەوتی کردە سەری خۆی، چووە ناوەڕاستی حەوشەکە و شقارتەیەکی لە خۆی دا و گڕی گرت تا خەڵکەکە فریای کەوتن سەعدیە بووە خۆڵەمێش. ئامە ئەوەندە بە کوڵ و سۆز فرمێسکی بۆ دەڕشت هەر وەکو ئەوەی پاکانەیەک بۆ ژیانی خۆی نەمابێتەوە و بە دەوری ئەو خۆڵەمێشەدا دەسوڕایەوە و چاوەکانی وەکو دوو بلوێسکی سەربانی ماڵە هەژارێک لە ژێر بارانی زستاندا، ئاوها فرمێسک لە چاوانییەوە بە بێدەنگی دەهاتنە خوارێ، ئامە بە دڵنیایییەوە دەیزانی سەعدیەی کچی بۆ چی خۆی سوتاند. دەشیزانی دەبێ ڕۆژێ هەر خۆی بکوژێ، چونکە ئەو ڕۆژەی سەعدییە بە ئیشارەت زۆر شتی تێگەیاند، ئامە نەیتوانی بەرگری لەو ژان و ئازارەی دەروونی بکات و خۆی پێ نەگیرا و نەخۆش کەوت و ڕەنگە ئەسمەرەکەی وەکو لیمۆ زەرد هەڵگەڕا... نەک تەنیا سەعدیە بەڵکو سوعادە و وەجیهە و حاجی بیسمیللایش ئەوەندە ئامەیان خۆش دەویست ئامادە بوون لەپێناو ساتێکی سەلامەتی و کامەرانی ئەودا خۆیان بەخت بکەن... ئامەیش ئەمەی زۆر چاک دەزانی بەڵام چی بکات... هەر ئەوەندەی لە دەست هات، دڵی کچەکەی بداتەوە و هەوڵ بدات نەهێڵێ خەفەت بخوات جا کێ هەبوو بەرامبەر کارەساتێکی ئاوهادا دڵی ئامە بداتەوە؟ ئەوا دڵیشی درایەوە بە چی ئەچێت و پاش چی؟!.

ئامە و ئەو هەموو کوێرەوەرێ و برسییەتی و دەربەدەریەی لە پێناوی ئابڕوی خۆی و ماڵ و منداڵەکانیدا دەکێشا، کە ئابڕووکەشیان چوو ئیتر دڵدانەوەی چی... ئامە حەزی دەکرد بەهەر جۆرێ بێ بڕو بیانووی ئەوتۆ بدۆزێتەوە کە سەعدییە تێ ناگات لەبەر ئەو کارەساتە نەخۆشە، بۆیە بەدرۆ بەسەعدیەی دەوت:

- دۆیتم سەرمام بییە... خاس خۆم نەپوشیمە... قۆڵنج کردمە.

دەشیزانی سەعدییە باوەڕ بەم قسانەی ناکات و چاویشی بەڕووی دایکیدا هەڵنایەت...

ئەوە بوو هیچی تر خۆی پی نەگیرا و بڕیارەکەی بەو جۆرە بەجێ هێنا... سەعدیە دەیزانی لە پاش مەرگی خۆی دایکی زیاتر عەزیەت دەخوا بەڵام بەوە دڵی خۆی دەدایەوە (خاس بی خۆ من چاووم لە لی نەوی) دەشێ بوترێ:

کوشتن لە پێناوی نەبینی ئازاری دایک و باوک بناغەی خۆ خۆشویستن و خۆپەرستییە، گرنگ نییە ئازارەکە هەیە یان نە. گرنگ ئەوەیە هەستی پێ نەکرێ هەر بۆیە سەعدیەیش ئەو سیفەتەی وەرگرت کە ئامە بەدەوری خۆڵەمێشەکەیدا دەسوڕایەوە و بەبێدەنگییەوە فرمێسکی دەڕشت و دەیوت:

- سەعدییە دۆیتم خۆ پەرست بید خۆ پەرس بید.

کەسێ لەو خەڵکەی کە هاتبوون ئاگرەکەی سەعدیە بکوژێننەوە لەم ڕەمزە تێ نەدەگەیشتن، بۆیە هەر یەکە لە ئاستی خۆیەوە چەند درۆیەکی دەخستە سەر ڕووداوەکە و دەیانوت:

- تواست کەل پەل بشورد و نەفت کردە ناو برێمزەگە نەفت کەفتە بان شەوییەگەی ئەرا ئەوە سوزیا... یەکێکی تر دەیوت:

- ووس بن.... ئیمانمان چد... دوێتەگەی گان ئەیا.

یەکێکی تر.

- خودا قەبوڵ نێکەد دۆیت خاسیگ بی.

یەکێکی تر:

- تواستن وە زوور بدەنەی وەشوی!!.

- دۆیتە گەیان فرە برسی بی... نانیان نەوی ئامە هەر خەریک تلیاککیشان بی و دۆیتەگانی یەک لەیەک خراوترن....!!!

- نەوە ئیمام...ئامە ژن خاسیگە... دۆێتەگەیشی دۆیت خاسیگ بی.

- نەباوە ئیژن سەعدییە زگی پڕبی!.

- وەی وەی هەیوە شێرە... خو کافر بین.

- ئیژن ئامە خۆی...!!

- نەئیژن فیکارەی تلیاک بیبی.

- ئەرێ ئیوە ئەرا لە خودا نێترسن؟.

- خراو نەوەتیمنە عالەمەگە وەها ئیژد.

- عەیبە عەیب.

- ئیژن سەعدیە و کوڕەگەی فڵانی دەسیان وەگەل یەک تێکەڵ بی شەو و ڕوژ عاشق بازی ئەکردن، سوار دیوارەگان ئەوین ئەیە چەس ئەی سورتگە ئەی هەرزەیە ئەی جڵفرە.

- استغفرا للە گوناحی وەمل.

- ئیژن سەعدیە بێبنەدی خودا زاند گوناحی نەوود، تف تف تف دبیلنەمان بەس بوخت وە دوێت عاڵەم بکەین.

- سەعدیە.

- سەعدیە.

ئەم قسانە لەو کاتەدا لەبەر چاو و گوێی ئامەدا دەکرا، ئامە گوێی لە هەموو شتێک بوو... بەڵام کەی وەختی ئەوەیە وەڵامیان بداتەوە، هەندێ ئافرەتی خێرەومەند ئەو خۆڵەمێش و ئێسقانە سووتاوەیان کۆ کردەوە نایانە ناو هەندێ پەڕۆوە!!.

- چۆنی ببەن بۆ گۆڕستان بەچی کفنی ئەکەن؟!.

- بیلا ناو خودا بارین.

بەهەر جۆرێ بوو خستیانە ناو گوێنییەیەکەوە ئامە وە پێش زەلامەکان کەوت. لە تەنیشتی قەبرەکەی مجەی قۆمیسەردا چاڵێکیان بۆ هەڵکەند و بووە گۆڕی سەعدیە، مردنی کەسی عەزیەت نەدا. نە مەیت شۆر، نە کفن، نە تەنەشوور، نە تابووت و نە دەوانزە زەلام هەڵیبگرێ بۆ قەبرسانی ببات، مردنێکی سەیر... هەرچی ئازار و ژانی سەعدیە هەبوو لەگەڵ جەستەیدا بووە خۆڵەمێش...تا یەک دوو ڕۆژێ ئامە ئەوەندە نەخۆش بوو، کەس نەیدەبینی... ئەو ژنانەی کە ناحەزی بوون و بۆ تووڕە بوونی دەچوون بۆ تەعزییە دەگەڕانەوە و دەیانوت: «ئامە لە شەرمانا خۆی شاردووەتەوە». ئامەیش لەگەڵ بێ دەنگی خۆی و ئازارەکانیا لەناو نوێنی مەینەتیدا بەدەم نەخۆشییەوە وڕێنەی دەکرد...

- دوێتم لای خوداش شکات نێکەم.

***