1

لە کتێبی:
ئەڵوەن
بەرهەمی:
ئەحلام مەنسوور (1951-2013)
 29 خولەک  2187 بینین

نەمدەزانی بۆ چی دەگەڕام، هەموو کتێب و دەفتەر و گۆڤارەکانم ئەم سەر و ئەو سەر پێدەکردن و تەپوتۆزی چەند ساڵەیانم لێ دادەتەکاند.

لەپڕ وێنەیەک خۆی هاویشتە ناو بیلبیلەی چاوەکانم و بۆ چەند ساتێ تاسی پێ بردمەوە و لە بێئاگایییەکی دەروێشانەدا ڕایگرتم.

دەشێ لەو چەند ساتەدا هەندێ جووڵە و ئەم سەر و ئەو سەرم کردبێ، بەڵام ئێستا نە دەزانم چیم کردووە و نە دەشکەوێتەوە یادم.

داخەکەم وێنەکە ئەوەندە کۆن بوو، ئەگەر بەوردی سەرنجی نەدرابا نەدەزاندرا وێنەی چییە... وێنەی دوو کەس بوو... چۆن دوو کەسێ؟...

مناڵێکی پێپەتی، چڵکن و قژ بژ، کراسێکی دڕاو و پینەکراوی لەبەردایە، دەستە بچکۆلانەکەی بە دەستی ئافرەتێکی قەڵەوەوە بوو کە ناوقەدی لە بەرمیل ئەچوو و دەموچاوی ڕەش... لەوە ئەچوو قەرەجێکی کۆچەر مناڵێکی دزی بێ و پەلەی بێ لەبەرچاو بیشارێتەوە، ئەوها دەستی مناڵەکەی گرتبوو.

هەرچەندە بیری لێ دەکەمەوە نایەتەوە بیرم بزانم ئەم وێنەیە لە چ کات و ساتێکدا و لە چ شوێنێکدا گیراوە، ئەگەر چی لە پشتی وێنەکەدا بە قەڵەمی ڕەش هەندێ «شەڕە پشیلە» نووسرابوو، هەرچەند هەوڵم دەدا بۆم نەدەخوێندرایەوە... هەرکە وێنەکەم دۆزییەوە خۆشی و هێمنییەکی سەیر دایگرتم، هەروەک ئەوەی شتێکی گەلێ بایەخدارم دەست کەوتبێ ئەوها لەسەریەک «ئۆخەی ئۆخەی»م بوو...

بەمەزەنە تەمەنی ئەو وێنەیە ٢٣-٢٤ ساڵ دەبوو، بەوردی سەیری مناڵیی خۆمم دەکرد. لەباتی ئەوەی بەم قەد و بەرگە کاریکاتۆرییە پێبکەنم، لەپڕ هەناسەیەکی ساردم هەڵکێشا و وێنەکەم نایە قەد سنگمەوە، کتێبەکانم بە پەرشوبڵاوی جێهێشت و وردە وردە چوومەوە ناو دنیای مناڵیمەوە... ئەو دنیایە کە ئێستاش لە ڕەفتاری ڕۆژانەمدا بە هەمان شێوەی ئەو سەردەمە، شتەکان دەبینم و!!...

***

ئامە ڕەش یا «ئامە ڕەشی دایەنم»، بە میراتی لە باوکییەوە خووی تلیاک کێشانی بۆ مابووەوە... ڕەنگە تاقە میراتییەک لەباتی موڵک و ماڵ و.... ئەم خووەی بۆ جێهێشتبێ...

ئەوی ڕاستی بێ زۆری دەکێشا و تووشی جۆرە حاڵەتێکی سەیر دەبوو، بۆ نموونە گەلێ جار بێدەنگ دەبوو ورتە لە دەمییەوە نەدەهاتە دەرێ و، گەلێ جاریش بەلەسە دەبوو، جگە لە جنێو و بۆڵەبۆڵ و ناڕەزایی دەربڕین شتێکی تری لێ نەدەبیسترا...

لەگەڵ هەژاری و بێدەربەستییەکەی، ئاگای لە دەوری خۆی هەبوو تا مەست و گێژتر ببێ و ڕەوشت و ئاکارە ناپەسەندەکانی شارەکەی ئەوەندەی تر برینەکانی نەکولێنێتەوە... هەر کە بە عەقڵی ئەو سەردەمە لە ئامەی دایەنم دەپرسی:

- ئەرا فیکارە بید؟، وەڵامی دەدامەوە، دەیوت:

- بیلەم دوێتم توو جاری مڵاڵید هیچ نێفامید.

تێ نەدەگەیشتم، دەرکم بەوە دەکرد کە چاوەکانی سوور هەڵدەگەڕان، لەتری دەدا، بەزەحمەت خۆی بە پێوە دەگرت، تانەیان لێ دەدا و مناڵەکان بە توێکڵە شووتی و تەماتەی ڕزیو دەکەوتنە دوای و دەیانقیژاند، بە منیشیان دەوت.

- ئامەی دایەنت تلیاک کێشە و... و... و.

منیش وەکوو کوچکووچە دەکەوتمە دوای، کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵیدا دەسووڕامەوە.

من و ئامە ڕەش و هەموو کۆڵانەکانی خانەقین، شتێکی سەیر و تایبەتی بووین بەڵام کام من؟ کام ئامە ڕەش؟ کام کۆڵان؟ کام خانەقین؟.

من؟... ئەمەیان جارێ نا... لێی نادوێم...

ئامە ڕەش:

بەرگێکی ڕەشی هەمیشەیی وەک پێست نووسابوو بە لەشییەوە، ملیۆنێ گۆڕان لە ساتێکی مەستیدا لە ڕووخساریدا دەردەکەوت...

ئەگەر بێت و زۆربەی زۆری وێنەکێشانی هونەرمەندی ئەم جیهانە کۆ ببنەوە باوەڕ ناکەم بتوانن ڕەنگێکی بەکەڵک بدۆزنەوە، کە بۆ ڕەنگی لێوە شین و مۆر و بۆر و ڕەش و قاوەیییەکەی ئامە ڕەش بشێت.

هەرچەنێ گۆڕانی لۆچی دەموچاوی مرۆڤەکانی ئەم زەمینە هەیە کۆکەنەوە ناگاتە ئەو ساتە گۆڕانەی دەموچاوی ئامە کە مەست دەبوو، بەتایبەتی کاتێ هەواڵی مردنی یەکێکی دەبیست، یا مەرگی یەکێک دەکەوتەوە یادی، لەپڕ لە پێکەنینەوە بۆ گریان دەگۆڕا... کرژ دەبووەوە، هەزاران هێڵی بەیەکاچوو لەناو چرچ و لۆچەکانی ڕووخساریدا دەبینرا.

گەر هەموو هونەرمەندان کۆببانەوە نەیاندەتوانی لە پۆرترێتی یا لە هەزاران پۆرترێت ڕەنگی دەموچاوی بدەنەوە...

ئەگەر ئەو هونەرمەندانەش بتوانن بەشێکی کەمی ئازارەکانی دەروونی ئامە بکەنە ڕەنگ و فڵچەکانیان تێکەڵ بە ڕەنگی شانەکانی خوێنی بکەن، ئەوا لە ئاستی ئەو جووتە لێوەیدا فڵچەکانی خۆیان دەشکێنن، ناتوانن ڕەنگی کوێرەوەری یەک ڕۆژی ژیانی ئامە لەناو قەڵشی لێوەکانیا کۆکەنەوە. ئەشێ وێنەکێشە هونەرمەندەکان. پەیکەرتاشان بتوانن لە وێنەی ڤینۆس و نێڤەرتیتی و مۆنالیزا جوانتر بکێشن، بەڵام هەرگیز ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم هونەرمەندێ، فەیلەسوفێ، نووسەرێ بتوانێ وێنەی وشەیەکی بێدەنگ و مەیوو لە نێوانی دوو لێوی بارگرتوودا دەربخات.

ئەگەر پەنا بەرمە بەر چاوەکانی خۆم وەکوو کامێرایەک بیانخەمە کار ئەوا دەبێ بڵێم:

دەموچاوێکی خڕ، گۆشتن، دوو گلێنەی قاوەیی لەناو سپێنە زەرد هەڵگەڕاوەکانیا مەلەوانییان دەکرد، برژانگەکانی وەکوو فڵچەیەکی زۆر بەکارهێنراو و سواوی هونەرمەندێک، تەڵەکانی کورت کورت و هەڵوەریو بوون. لچ و لێوێکی ئەستوور شۆڕ ببووە قەد دەرگای دەمێکی هەشت نۆ دداندار... چەناگەیەکی پان، گۆنای خڕ، فۆتەیەکی ڕەش کە بەزەحمەت لە ڕەنگی پێستی ڕووخساری جیا دەکرایەوە، هەمیشە ئاڵابووە سەریەوە، هەموو سەری وەکوو تۆپێ وا بوو وەک ئەوەی بەزۆری چەقێنرابێتە سەر شانی.

نازانم چۆن باسی ملی بکەم... ئەگەر بڵێم ملی نەبوو ئەوا!!. قەڵەو، دەنگ ناسک، سنگی کەمتر نەدەبوو لە سنگی مەریەم ماکیبا، سنگی بەرز و چوار شانە بوو، مەمکەکانی زۆر گەورە بوون، ئەگەر لەسەر خۆیش بڕۆیشتایە هەر دەلەرانەوە...

بە شیری ئامە ڕەش پەروەردە بووم، کاتێکیش تەمەنم گەیشتە هەشت ساڵ هەموو ڕۆژێ پێی دەوتم:

- بچوو ڕووڵە، ها بگر ئەیە دوو عانە، بچوو ئەرا بازاڕ بیژە حەسەن تووتنچی دوو عانە جغارە ئەرام بنیرد... زوی بچوو ئیسە دووکانەگەی وەسد و چدە ماڵ، ئارامی بڕیاس، ئەگەر قسەش کرد گووش مەتەکن زوی بەوە دویاوە.

هەموو ڕۆژێ سەر لەبەیانیان بە پێی پەتی ڕام دەکرد و دەچوومە لای حەسەن تووتنچی ئەویش بێ ئەوەی هیچم لێ بپرسێت یەکسەر دە پانزە جگەرەیەکی بە کاغەزی سپی دەپێچایەوە و دەیدایە دەستم چۆن بە پەلە و ڕاکردن لە لای ئامە ڕەشەوە دەچووم بۆ بازاڕ، بە هەمان پەلە و ڕاکردن دەگەڕامەوە. پێپەتییەکانم ببوونە ترومبێلی ئاگر کوژێنەوە، ئاغزە جگەرە فڕێ دراوەکان دەچزان بە پێمدا و دەکوژانەوە، ئەوەندە ئاغزە جگەرە چزا بوو بە پێمدا ڕاهاتبووم ڕانەچڵەکێم و نەڵێم: «ئووی».

گەلێ جاریش حەسەن تووتنچی بە بۆڵەبۆڵ دەیوت:

- هە تەواو نەوی جغارەگەی ئامە ڕەش، وە شەو تلیاک کیشد وە ڕوژیش جغارەی کوردی... نێزانم ئەی ژنە تاکەی تلیاک کیشد، گوی وە ڕوح ئەو باوگەی یاروو فیکارەی کردییە، بیژوە ئامە وە قەدەر دوو عانە جغارە نییە، ئەگەر جارێک تر هاتید وەباوگد ئیژم فامستی؟

جار جار حەسەن تووتنچی قسەکانی بە جۆرە تووڕەبوونێکەوە دەدا بە گوێما، وایدەزانی وشە بە وشە بۆ ئامەیان دەگێڕمەوە.

لە سەرەتادا جارێ دووان ویستم ئەم قسانە بۆ ئامە بگێڕمەوە کەچی ئامە قسەکەی پێ دەبڕیم:

- ژنی نییە قار دڵ خۆی وەکی بڕشند دۆیتەگانی نێهیڵن ژن بخوازد.

ئیتر لەسەر ئەم قسانە ئەڕۆیشت و باسی ئەوەی دەکرد کە حەسەن تووتنچی هەر بۆ ئەوە ئازایە بۆڵەبۆڵ بکات و کچەکانی ناهێڵن ژن بێنێ، بەڵام ئەو گوێیان ناداتێ و چەند جارێ دووبارەی دەکردەوە:

- ئەگەر ژن ئەرای پەیا بکەم هەتا ڕوژ مردنم وە پەتی جغارە ئەرام نیرد... هەزار ڕەحمەت لە قەور ژنەگەی ژن خاسیگ بی و خاسیشی فرە ها لە بان سەرم، من چوین لە دڵم تێد ژن ئەرا حەسەن تووتنچی پەیا بکەم؟ بەیانی دوو بەیانی مرم و لەو دوونیا گلەیی لەلیم کەد و ئیژد:

- ئامە ڕوید ڕەش بوو ئەرا خاتر قورعان! لەیە زیاتر! ئەوەنە خاسی کردم ئەراد وەوەر چەود نەهات؟ زوی چید ژن ئەرای خوازید... خاسییەگەم لە فکرد چی؟

پاش ئەوەی جگەرەکانم بۆ دەهێنا، پێی دەوتم کچم گوێی مەدەرێ و لۆکە بخە ناو گوێیەکانت و دەربەس مەیە ئیتر ئاخری شەڕ بووە... خەڵەفاوە... بۆ ژن شێت بووە... ئەگەر بۆی بلوێ هەموو ژنەکانی ئەم شارە خوازبێنی دەکات. لەبەر ئەوەی ترسنۆک و بێغیرەتە، عالەم وا دەزانن وەفادارە لە دڵی نایەت ژن بێنێت، هەموو ژیانی بۆ خزمەت کردنی کچەکانی تەرخان کردووە.

***

ئێستا زۆرم پێ سەیرە... ئەو سەردەمە ئامە بە وردی زۆر بە وردی قسەی لەگەڵ دەکردم وەک دڵنیا بێت کە من لێی تێدەگەم و لە مەبەستی حاڵی دەبم.

گەلێ جار وا ڕێک دەکەوت چەند سەعاتێ لەسەریەک لەبارەی شتێکەوە قسەی بۆ دەکردم. ئەوی ڕاستی بێت نەک هەر تەنیا تێنەدەگەیشتم چی ئەڵێ و مەبەستی چییە...

بەڵکوو گەلێ جاریش لە کاتی قسەکردنی ئەودا هەندێ سەرخەویشم دەشکاند و دوور نەبوو خەویشم بدیبا بەڵام وەکوو دەڵێن بیری مناڵیی تیژە، کەچی من تەنیا ئەو شتانەم دێتەوە یاد کە زیاتر لە چەند جارێک دووبارە دەبوونەوە... دەبوایە هەمان قەوانەی تووتنچی ببیستمەوە. ئامەیش هەروەک ئەوەی گوێیەکانی منی هەڵبژاردبێ بۆ ئارامگەی وشە ئاخدارەکانی:

- کچەکانی حەسەن تووتنچی کاتێ کە من دەبینن دەرگاکەیان لە ڕووم دادەخەن دەچنە ژوورەوە، من بە عزرائیل دەبینن. من ڕۆحی دایکیانم کێشاوە... گەلێ پیاوی چاکیش دێنە لام و داوای ئەوەم لێ دەکەن بچمە خوازبێنییان... بەڵام ناوێرم لە قیژەیان دەترسم هاوار دەکەن.... کچەکانی قەیرە بوون.

بەهەر حاڵ بە فامی ئێستا و ئەوسایشم لەوە نەدەگەیشتم بۆچ ئامە دەردی دڵی خۆی بە وردی بۆ من دەگێڕایەوە. بشێ کەسێکی ئەوتۆی دڵسۆزی نەبووبێ گوێی لێ بگرێ و ئەمیش پێویستی بە بادانی خەرمانی دەردی هەبووبێ. یا باوەڕی بە خونکی کردنی خەڵکی نەبووبێ... یا ئەو ڕاستییەی زانیبێ کە هەر یەکە و دەردی دڵی خۆی هەیە و پێویستی بە گوێگر هەیە و منی وەک مناڵ و بێگەرد هەڵبژاردبێ ئەم قسانەی بۆ بکات، بەهەرحاڵ نازانم.

گەلێ جار دەمبینی بە کزییەکەوە دانیشتووە و دوو عانەکەیشی نییە هەر کە بەم شێوەیە دەمبینی لە سێ عانە لە خەرجییەکەی خۆم بێ ئەوەی پێم بڵێ دەچووم جغارەکەم بۆ دەکڕی لە بنی باخەڵمدا دەمشاردەوە، هەرکە چاوی پێم دەکەوت دەیوت:

- پاد سوزیایە، دایگد نەکوشتەد؟ نەوت ئەرا وە پای پەتی چیدە سە دەشت؟.

منیش دەموت:

- پێم تۆقڵەی کردووە عەزیەتم دەدات.

درۆم دەکرد، کە گەڕامەوە بۆ ماڵێ تێهەڵدانێکی چاک دەبووە پێش ژەمی خۆراکم، جگە لە دادگایییەکی سەیریش و دایکم دەیوت:

- ئەرا پاد سوزیاس؟ ئەوە دوو کەوش نییە؟! سێ عانەگەد چەوە پیکردی؟ بیژ. ئەرا جواو نێدەی؟ هە... لە بەیانییەوە تا هەفتەیەگ فلسیک نێدریەدە پید، تا تۆبە بکەید و نەچیدە بازاڕ و پاگەیلد بسووزیەن ئیسە وە دەرزی تۆقڵەگەی پاد دڕم و ئاوەگەی دەرکەم نەیژید ئووی.

بەهەر جۆر هەوڵی ئەوەم دەدا خۆم لە دەستی دایکم دەرباز بکەم و هەرچەندەیش پێم ژانی کردبا زۆرم لە خۆم دەکرد و دەموت نایەشێ بۆ ئەوەی بەر دەستی نەکەوم بە ڕێکی هەنگاوم دەنا، دایکیشم دەیزانی و هەڕەشەی لێ دەکردم و دەیوت:

- باوگد نیوەروو تێدەو ئیژمە پی دی کەوش ئەراد نەسیند.

تووڕە دەبوو و لە زمانی خەڵکیش دەترسا و هاواری دەکرد.

- خوو باوگد بەدەدە نەفت خانەها! بەدەدە لای دختۆر دەرزی دەد لەلید. ئەگەر دی بچیدە بازاڕ دەموچاود ڕەش بوود وەک بن قەزان وەک ڕووی ئامە ڕەش.

ئەم هەڕەشەیەی دایکم ترسێکی زۆر سەیری لە دەروونمدا ڕواندبوو، ئەوەندە سڵم لە قسەکانی دەکردەوە وامدەزانی ئەگەر قسەی ئاساییش لەگەڵ باوکمدا بکات ئەوە جۆرە ئیشارەتێکە و شکاتە لە من دەکرێ...

بۆیە هەمیشە خۆم بە پەشۆکاوی دەبینی، مات دەبووم یا بە دانیشتنەوە خەوم لێدەکەوت یا بێئیرادە بەرەو لای ئامە ڕام دەکرد و خۆم لە باوەشیدا دەگرت. هەناسەبڕکێم پێ دەکەوت و بە ترس و بێدەنگییەکی سەیرەوە سەرنجی ڕووخساریم دەدا وامدەزانی ئەم دەموچاوە ڕەشەی بە ڕەشیی ژێر مەنجەڵ ڕەش کراوە، ئەمیش سەرپێچی قسەکانی دایکی کردووە و لە مناڵیدا کەوشی لە پێ نەکردووە و بە پێی پەتی سووڕاوەتەوە و بن پێیەکانی هەموو سووتاونەتەوە و تۆقڵەیان کردووە.

نازانم بۆچی ئەم ترسەم ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبوو «دەروونی داگیر دەکرم» سەرەڕای ئەوەی کە خۆم لە باوەشی ئامەدا دەبینی و هەناسەبڕکێ و ترس ڕێی قسەیان نەدەدام و ئامە لەم بێدەنگی و شپرزەیییەم تێدەگەی و دەیوت:

- ڕووڵە نەترسید.

بێسوود بوو هەوڵی ئەوەم دەدا بە ئامە بڵێم:

- کەی دەموچاوتیان بە بنی مەنجەڵ ڕەش کردووە؟ ئەگەر بە سابوون بیشۆیت سپی دەبێتەوە؟.

کەچی ئەو ڕێی نەدەدامێ و قسەکەی لە دەمم دەبڕی. بۆیە منیش وامدەزانی ئامە زیاتر لە جارێ سزا دراوە. ڕەنگە دایکی، باوکی، برا گەورەی، خوشکەکەی، نەنکی هەموویان سزایان دابێ، ئیتر منیش هەرچی خزم و کەسوکارم هەبوو، هەرکە چاوم پێیان دەکەوت ئەو ڕۆژەم دەکەوتە بەرچاو کە دەست و پێم دەبەستنەوە و یەکە یەکە بە بنی مەنجەڵ ڕوخسارم ڕەش دەکەن، بۆیە لە دڵەوە حەزم لە بینینی کەسیان نەدەکرد.

دایکم بە هەڕەشەکردنیش دڵی دانەدەکەوت و هەموو ڕۆژێک دەیوت:

- هم. ئەی باوگ مردییە خوو جواویش نێدەد بکەفدە دەسی ماڵەگە چووڵ کەد و گشتی بەدەرای ئامە ڕەش و ئیمە خەدە بان ساج عەلی.

***

هەر لەو سەردەمەدا فێری درۆکردن بووم... درۆی ڕێک و نایاب و لەبار و نالەبارم دروست دەکرد. هەر ئەو ڕۆژانەش فێری دزی بووم. دزیییەک نەک بۆ خۆم... تەنیا لەبەر خاتری پێکەنینێکی ئامە ئامادە بووم هەموو وردە شتەکانی ماڵ بگوازمەوە بۆی... هەموو ڕۆژێ دەیان چیرۆکی سووریالیم لە خەیاڵدا دروست دەکرد، ڕاهاتمە سەر درۆودەلەسە هەڵبەستن، هەموو ڕۆژێکیش بەدەیان درۆم لێ سپی دەبووەوە بەڵام کەسیش لەو نهێنییانە نەدەگەیشت... دارکاریی دەکرام، یاخیی دەبووم، لەسەر بزمار و پەت و شتی کۆن دەخەوتم، هەر فرسەتم دەست کەوتبایە دەرگای سەربانم دەکردەوە و بازم دەدایە سەربانی مزگەوت و هاوسێکان، تا دەگەیشتمە ماڵی ئامە.

لە زستاندا ناچار دەبووم گۆرەوییەکانی نەنکم دەدزی و بۆ ئامەم دەبردن، هەرکە نەنکم بەوەی بزانیایە ئەوا ئاشوبێکی گەورە لە ماڵماندا بەرپا دەبوو، هەر لەو کاتانەدا توانیم چەند دەمامکێ بەپێی پێویستی سات و جۆری کێشە هەڵبژێرم و لە ڕووخساری خۆمی بنێم.

جا چی بڵێم پێویستی کەسانی کڵۆڵ بۆ منی کڵۆڵتری ساوای بێگوناهـ، فێری درۆ و دزی و سەد ڕوویی دەکات! من ناڵێم ئەمە نەخۆشییە... نا... زادەی جۆری دابەشی ناجۆری کۆمەڵی بێبەزەیییە... هەرگیز بەمیراتیش بۆ کەسان نامێنێتەوە. گلەیی لە کێ بکەم؟

قوتابخانە، ماڵ نەیانتوانی ڕەگی ئەم شتانە لە مێشکم ڕیشەکێش بکەن... ئێستا چۆن دەتوانم داسی ڕاستگۆییم بە هەسانی ئێش تیژ بکەم و بە مشاری خەونەکانم سەرم شەق بکەم؟

دەستی لەرزۆکم چۆن دەتوانێ داسەکە بگرێ و سەری ئەمانە بقرتێنێ؟ گلەیی لە کەس ناکەم.

پاش ئەوەی گۆرەوییەکانم بۆ ئامە دەبرد ناچار دەبوو نزیکی ماڵمان نەبێتەوە تا گۆرەوییەکان نەبینن... گەر دایکم یان نەنکم بۆ ئیشێ بانگیان بکردایە ئەوا ناچار دەبوو هەر بە عابا ڕەش و قاوەیی و بۆرەکەیەوە دانیشێ تا پێیەکانی پێ بپۆشێ... نازانم گەر پێیان زانیبا چۆن پینەی دەکرد... من بوومە دزێکی چاک، یەخچاڵێکی تەختەمان هەبوو هەرچی تیا بوایە ئەمدزی و بە هەزار فرتوفێڵ دەمبردە ماڵی ئامە. ئەویش هەرچەندە هەڕەشەی لێ دەکردم کە بە دایکم و باوکم بڵێ و لێمی وەرنەگرێ، بێسوود بوو، زیاتر بەردەوام دەبووم... هەر ئەوەندە لە دزییەکەدا سەرکەوتنم بەدەست بهێنایە، ئیتر وامدەزانی دنیا و سەر لەبەری هی خۆمە...

لە هاویناندا کە بۆ بەفر کڕین دەچوومە بازاڕ، لە ڕێگەدا پارچەیەکم لێ دەکردەوە و دەمدایە ئەو، یا لەبەر دەرگاکەیاندا جێم دەهێشت، ئەوجا دەگەڕامەوە بۆ ماڵ و یەکسەر دایکم دەیوت:

- ئەیە کەی بایی چوار عانەس؟ فڵان هەڵس بچووە خوینیی. بکەفە گیانی شەل و کووری بکە یە فرە بیعار بییە فایدەی نییە وەگەلێ.

لێدانێکی چاکم دەخوارد، هێشتا فرمێسکەکانم وشک نەدەبوونەوە بیرم لەو دەکردەوە کەمچۆن بۆ سبەینێ بەفرەکەی بۆ جێبەجێ بکەم... بەڵام ئەم بیرکردنەوەیەم ئەوەندەی نەدەخایاند و لە مێکشما دەقرتا، چونکە ڕۆژانەم سێ عانە بوو. دەمتوانی بە دوو عانەی ڕۆژانەکەم جگەرە و بەفری ئامە مسۆگەر بکەم، ئەویش ڕۆژانەم زوو خەرج نەدەکرد تا ئێوارە هەر بە دەستمەوە دەمایەوە... ئێوارەش بەرەو تاریکە بازاڕ دەکەوتمە ڕێ.

***

تاریکە بازاڕ گەورەترین بازاڕی شار بوو، دووکانی بەزازەکان لە ڕیزێک بوون بەرانبەر بە دووکانی عەتارەکان... بەقاڵ و وردە فرۆش، عتار، تووتنچی و سەرتاشیش لە نێوان و لەو لاشەوە خەیات و چکەچکی مەکینەکانیان کەوتبوونە ئەو لای چاخانەکان.

دوو چاییخانەی گەورە بەرانبەر یەکتری هەبوون، یەکێکیان هەر لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە قەوان لەسەر گرامەفۆنەکەی لانەدەچوو. هەر لە گۆرانیی «کەتان کەتانە» و «کراس زەردێ» و نەدەبڕایەوە.

چاییخانەکەی تریش بە «قۆریات» (ئای هاوار دەگیرمانچی مەن خانچی سەن کاروانچی) بەرپەرچی دەدایەوە، جگە لە دەنگی دۆمینە و چەقەنە لێدانی دانیشتووانی و هاواری شاگردە مناڵەکانیان کە لە ڕقی یەکتری بە توندی لە جامەکەیان دەکێشا بە دۆڵکە فافۆنەکەیان یەکێکیان دەیوت:

- سوو سوو سوو.

ئەویتر بۆی دەسەندەوە و دەیوت:

- ئاو ئاو ئاو.

جگە لەوەی کە هەندێ جاریش دانیشتووانی هەردوو چاییخانەکە لەسەر کەڵەشێر دەبووە شەڕیان و بازاڕەکەش دەشێوا...

«عەبە چڵمنی میم سەکینە» دۆندرمەی لەبەردەم هەردوو چاییخانەکەدا دەفرۆشت و هاواری دەکرد: دۆندرمە بووز. ئەزبەری بووز، دۆندرمە...

کەچی «حاجی ئەڵڵا وێردی» خاوەن چاییخانەی دووەم بە گۆچانێکەوە بۆی دەچوو و دەیوت:

- قوزەڵقورت بووز کۆپەک ئۆغلو.

عەبە چڵمنیش جڕتی بۆ دەکێشا. منیش زۆر حەزم لەوە دەکرد «حاجی ئەڵڵا وێردی» ببینم بە شەلەشەل و جنێو دەکەوتە دوای عەبە... دانیشتووانی هەردوو چاییخانەکەش چەپڵەیان بۆ ئەم دیمەنە لێ دەدا و پێدەکەنین... خەڵکەکەش دەیانوت «عەلی ئەزغەر»ی خاوەن چاییخانە فیتی عەبە دەدات وا بکات.

پاش ئەم شەڕ و پێکەنینەی «عەبە چڵمن و حاجی ئەڵڵا وێردی» بایی عانەیەک دۆندرمەم دەخوارد و بایی دوو عانەش بەفرم دەکڕی و بە دەست هەڵمدەگرت... دەستم بەرگەی ساردیی بەفرەکەی نەدەگرت و دەمنایە ناو کۆشم و بەڕاکردن بۆ ماڵی ئامە دەچووم. مناڵەکان گاڵتەیان پێ دەکردم...

- هی هی هی قولی دیارە پای دیارە.

ئەو هەواڵە زوو دەگەیشتە ماڵەوە و دایکم یەکسەر دەیوت:

- وەختی دۆندرمە قوزەڵقورت کردید ئەرا شەوی یەگەد هەڵگردبید و پاد دیار بی؟.

چەند جار وەتمە سە پید شەوی یەگەد هەڵنەگرید؟... نەوەتم عەیبە دۆیت ناود یەگ کەس پای بدویند؟...

...- - توو، ڕۆژی هەزار کڵاو کڵاو کەید. دوێتم ڕسوا بووید عەیبە عەیب. جاریگ تر ئەگەر ژنەفتم شەوی یەگەد هەڵگردیدە هەردوو پاد سوزنم و هیلمەد لە ماڵ بنیشید دی نێچیدە دەشت فامستی؟.

ئەگەر بەڕاستی هەموو شتێکم بوتایە، ئەوا دەبوو پەرژینێکی بەرز و ئەستوور لە نێوان گەڕەکەکەمان و ماڵی ئامە ڕەشدا دروست بکرێ... ئیتر ئەو بێ من دەمایەوە و منیش دەبوایە ژیانم هەر بە گریان ببردایەتە سەر و هەر خۆمم بخواردایەتەوە... ڕاستیشم بوتایە دەمزانی پێم دەڵێن:

- ئیمە کار و کاسبی بکەین و تنیش گشت چشتەگان بۆیدە ئەرا ئامە ڕەش لەی ڕۆژەوە گەرەگ نیوەڕوو بچیدە بازاڕ و لە دووکان باباد بنیشید فامستی؟.

ماوەیەک نیوەڕوان دەچوومە دووکانی باپیرم... چونکە دەگەڕایەوە بۆ نوێژکردن و نان خواردن، منیش دەبوومە پاسەوان، لادێیییەکان دەهاتن و دەیانپرسی:

- کەتان دیرن؟

منیش لە خۆمەوە دەموت:

- نە نییە... نێزانم... تا باپیرم تێد دوویاخر بەو...

- هەو من ئیسە چمە ئاوایی خودا زاند، کەی جاریگ تر تێمەو!...

- بیژمە پی ناود چەس؟

- خۆی ناسدەم.

ئەم جۆرە گفتوگۆیە هەموو ڕۆژێ بۆ چەند جارێک دووبارە دەبووەوە... نەمدەزانی ئەگەر باپیرم گەڕایەوە بۆ دووکان چی پێ بڵێم.

ئەگەر بڵێم پیاوێک هات و هەواڵی تۆی پرسی و وتی: خۆی دەمناسێ و ئیشم پێیەتی دەڵێ: ناوی چە بی؟.

گەر بموتبا ناوی خۆی نەوت ئەوا لێی دەپرسیم:

- چوین ئەرا؟ چەلەوەری بی؟

نازانم بڵێم چی، ئەگەر بڵێم هەموویان وەکوو یەک وا بوون ئەوا باوەڕم پێ ناکات... بەڵام مەبەست نەبوو باوەڕ دەکات یان نە، منیش هەموو ڕۆژێ ئەم قەوانەم بۆ لێ دەداوە «چوارشانە بی، کڵاش لە پای بی، کەوا و سەڵتەیەکی قاوەیی، مشکی و جەمەدانی، سیوڵی ڕەش و گەورا بی».

پاش ئەو برووسکە و ڕاپۆرتانەی من، باپیریشم ئەم ڕستانەی دووبارە و چەندبارە دەکردەوە.

- ئێ ئێ... ئا ئا... ها... نێناسمەی.

منیش پێدەکەنیم و بەرەو ماڵ ڕامدەکرد... یەک دوو هەفتە وەکوو دەڵێن نانم کەوتبووە ڕۆنەوە بەوەی کە باپیرم دەگەڕایەوە و منیش لە دووکاندا دەمامەوە... تۆپی قوماشەکانم پاک دەکردەوە و دووکانەکەم گسک دەدا... ئێ بەڵکوو لە دەخیلە یان لە قاسە یان لە گیرفانی باپیرم پەنجا فلسێ کەوتبێتە سەر زەوی. زۆرجار لە پەنجا فلس زیاترم دەست دەکەوت ئیتر ئەو ڕۆژە ئەوەندە بەختەوەر دەبووم وامدەزانی هەموو شار، بە بازاڕ و دووکان و چاییخانەکانیەوە هی منە و هەر خەریکی حیسابات دەبووم و لێم تێک دەچوو و سەرلەنوێ دووبارەم دەکردەوە:

1- دوو عانە ئەرا جغارەی ئامە.

2- دوو عانە ئەرا وەفر.

3- یەگ عانە ئەرا ئەزبەری...

نا دەبێ بۆ دوو سێ ڕۆژ جغارەی بۆ پەیدا بکەم بەڵکوو سبەینێ هیچم نەدۆزییەوە... ئیتر بایی هەشت نۆ عانە جغارەم دەکڕی بۆ ئامە. ئەو ڕۆژەی کە هیچم لە دووکانەکەدا نەدۆزیایەتەوە ئەوا دەتوت هەموو دنیام بە سەردا ڕووخاوە و ماتەمینی دایدەگرتم، وامدەزانی هەموو دنیا لە شینوشەپۆر دایە، باپیریشم جار نە جارێ کە دەیبینی دووکانەکەی خاوێن کراوەتەوە ماچی دەکردم و دەیوت:

- ها ئافەرین ئەیە دوو عانە ئەرا خۆد.

گەر کلیلی قاسە و دەخیلەم دەست کەوتبا ئەوا هەتا هەتایە دابینی پارەی بەفر و میوە و جگەرەی ئامەم دەکرد... کەچی داخەکەم ئەم کارەم هەر دوو سێ هەفتەی دەبرد وەک دەڵێن فنیش کرام ئەویش: دووکاندارەکانی بەرامبەر دووکانەکەی باپیرم مەزبەتەیەکیان لە سەرم دایە باپیرم... هەندێ لە دووکاندارەکان ماست و حەڵوا فرۆش بوون هەرکە گسکم دەدا لێم کۆ دەبوونەوە و دەیانوت:

- تۆز مەکە.

- ماسەگەم پیس بی.

- گزی مەدە.

- حەڵواگەم پیس بی.

- ئەی تەپوتۆزە چاوم کوور کرد.

منیش بەجارێ وەڵامی هەموویانم دەدایەوە:

- من حەقم چەس... باپیرم وەتێسە پیم دووکانەگە پاک بکە وە ئیوە چە؟ دووکان دووکان خۆمانە قابیلە بیلم پیس بوود ئەرا دووکان ئیمە وەک دووکان ئیوەس؟... تەماشا بکەن قوماشەگان بریقە دەن، ئیوەش هەر مەگەز تێدەبان حەڵوا و ماس و پەنیرەگەدان، خۆدان گەنیانە... بوومە قوربان خودا یاروو ئیوە کرد دێسە دووکاندار... دایگم ئیژد دووکانەگاندان هن ئیمەس، دەردان کەیمن، دووکانەگان پیس کردنەس ئیسە خۆم وە بابام ئیژم قاودان بدەد.

ئیتر وەکوو شارە زەردەواڵەم وروژاندبێ ئاوها دەورووژان ولێم کۆدەبوونەوە و خۆیان تووڕە دەکرد و سوور دەبوونەوە و هەریەکە شتێکی دەوت:

- دوێتەگە توو چاود دەرچییە و حەیاد نەمایە گەورا و بیچگ نێزانی... ئیسە باپیرد تێد و ئیژمە پی فەلاقەد بکەد دی بزان ئیتر نیوەڕوان لەیرا مینید هەی ئارام بڕیای...

ئەوی تریان ئەیوت: شیر ئامە ڕەش خواردییە وەکی باد وە ئامە تێد.

- ئەدەب سز مەگەر ساچوو کێسەم ئکی گۆزوو چخاترەم .

ئیتر نەمدەزانی وەڵامی کامەیان بدەمەوە، ئەوەندە بە تووڕەیییەوە ڕوویان تێدەکردم نەمدەزانی ئەو کات نەمدەتوانی وەک ئێستا بڵێم:

- تۆ حاجی فەتحوڵڵا هەتا ئەمساڵ کە چوویتە حەج وەک ئامە تلیاک کێش بوویت.

- تۆش ڕەحمانی فاتە قەرە هەی حیز هەی هەی خوێڕی خۆ هەموو شار دەتناسن.

- تۆ هەر... هەر ئازاید وەک ژنەیل بخەنید هەی چاو حیز.

کەچی ڕووم تەنیا لە یەکێکیان دەکرد و دەموت:

- بیژە پی ئەرا من لە توو ترسم؟ هە!.

- ئیژمە کوڕەگەم حەسەن بدەد لەلید.

- ئەرا چەس هەرکی ئەرا خۆیە خاڵو دی دریژی مەکە و بووڕەوەی. بچووە بان کار خۆد، ماسەگەد پیس بوود و نێود وەجیر و جەحەنم خوو ئاڵتووین نییە. شەو و ڕۆژ و ماسە تورشیا یەگەد مەگەز نیشدە بانی.

- خاس توو هەر زوان دریژی بکە هەی «گۆبەنی» و سەر لە ئیمە بشیون بزان چوین فتیل فتیل لە لویتد دەری کەیمن.

زۆر سەیرە ئەو حاجی و ماجییە درۆی وایان دەکرد بۆ باپیرم نەبێتەوە هەر باش بوو باپیرم نەیدەکوشتم، دەیانوت:

- ئەیە وەتە پیمان گەواد تەرەس بێجگە لە هەزار قسەی خەراو، تف لە لیمان کرد، خۆڵ خستە ناو ماسەگەمان، وە نەعل هات ئەرامان. وە کوچگ کوچگ وارانمان کرد...

وەتە پیمان:

- گشدان بی شەرەفن...

ئیمەش لە وەر خاتر ڕیشە چەرمییەگەد دەممان نەکردینە و هەر یەکە و چییە بان دووکان خۆی و دەم خۆی کلیل دا و هوووسکووت بین. لە وەر خاتر جەنابد بەس وەها وەها ئەکردیمنە پی، بەس جەنابد خۆد لە ئیمە خاستر زانید تەمەی بکەید... خوو ئەی دوێتە نێمیندە ئێوە، ئەیە ئەرا وەها هاتێسە پی، ئیوە گشتان، ئەلحەمدوللا مەردم خاسیگن...

پیاون... بەس ئەی دوێتە فرە جەربەزەس، چە بیژین شیر ئامەڕەش خواردییە... دۆیتە هەی... ماخەر چوین وە ئیمە ئیژید گەواد ها؟

ئەوەندەم پێ سەیر بوو یەک پشتی ئەوی تری دەگرت و ناو بەناو سوێندێکی گەورەیان دەدایە پاڵ قسەکانیان، باپیریان وا هان دەدا هەر بمکوژێ... خۆمم پێ نەگیرا وتم:

- وە خوودا دروو کەن.

کەچی باپیرم گۆچانێکی کێشا بە پشتمدا و وتی:

- ئەیە نییە لە وەرچاو خۆم وەی ڕیش چەرمێیانە ئیژید دروو کەن هەی چاو دەرچی.

ئای لەو دارکارییە و لە سەگ و سەگبابیی ئەوانیش پاش ئەوە دامیانە لێدان و یەکە یەکە دەهاتن و دەستی باپیرمیان دەگرت و دەیانوت:

- لە وەر خاتر ئیمە بیلەی وازبار لەلی نەکوژەی.

کەچی باپیرم زیاتر لێی دەدام، جنێوی پێ دەدام و تفی لێدەکردم... خۆ من دەربەستی ئەو گۆچانە نەدەهاتم... ئەگەر بڵێم ئازارم نەگەیشت بەقەد ئەوەی دووفاقی و دووبەرەکی و درۆی ئەوانە ئەزیەتی دەدام و دەمزانی هەر یەکەیان لەژێر سمێڵەکانیاندا بزەیەکی پیسیان شاردووەتەوە و پاشان لەگەڵ یەک پێدەکەنن و بەیەکتر دەڵێن:

- کار وەها وە سیاسەت خاس بوود!.

ئیتر ئەوە دواجار بوو. دووکانی باپیرم نیوەڕوان بەجێهێشت. بە گریانەوە گەڕامەوە... لە ڕێگا بیرم لەوە دەکردەوە ئێستا بچمە ماڵەوە دایکم دوو ئەوەندەی تر دارکاریم دەکات جا هەتا ئێوارە باپیرم دێتەوە، باوکم، دایکم، مریشکەکانی ماڵمان، دار، بەرد، سەگ، قاپ و قاچاغم تێوەردەدەن. ئیتر هەر خوا دەزانێ چیم بەسەر دەهێنن و هەریەکە گەر هیچم لێ نەکات و دڵی پێم بسووتێ ئەوا لە ڕێی خوا بە دوو سێ تفی خەست ناوچەوانم سواخ دەدات و چەند جنێوێکی پیسی ترم تێدەگرێ... لە ڕێگا بیرم لەمە دەکردەوە... بۆیە بڕیارم دا جارێ نەچمەوە بۆ ماڵ... با بچم بۆ لای ئامە... ئیتر باقییەکەی خوا کەریمە... کەچی لەم حاڵ و وەزعەیشم هەر بیرم لە جگەرە و بەفری ئامە دەکردەوە... بە گریانەوە گەیشتمە ماڵی ئامە... ئامە وەکوو شێت ڕووبەڕووم هات:

- ها ڕوڵە چەوە؟

-......

- ئەڕا گیرید؟

- ئهی ئهی ئهی.

- نەگیر چە بییە بیژە پیم؟

- دایە... ئهی ئهی... ئهی ئهی... هەڵس بۆرەمە ماڵ. م... من نا... نا... خێزانم نییە کوشنەم...دایگم. باوگم ئهی ئهی... دەنەلیم... حاجی فەتحوڵڵا سەگباوگ گوی بکەمە بان کەشیدەگەی ئهی... شکات لە لیم کرد... ڕەحمانە چڵمنیش بیە شەهاد... مەگەر دوێتەگەی بکوشم بابام وە گۆچان کوشتەم هی هی هی.

ئامە پشتی هەڵدامەوە، دەستی بە گریان کرد، بە پەڕۆیەکی پیس سەر و چاو و فرمێسک و برینەکانی پشتمی دەسڕییەوە و لەسەریەک دەیوت: ئەو کافرە بیڕەحمە چوین دا لە لید؟!

منیش هەرچی ڕوویدابوو بەڕێکی بۆم دەگێڕایەوە ئەویش لە من زیاتر فرمێسکی دەڕشت، کەچی من بێدەنگ بووم ئەو دەستی بە گریان کرد و ئەوەندەی من هەناسەی هەڵکێشا... دەستی بە سەر سەرما هێنا...

هەستم دەکرد ئەگەر سەرم لەسەر سنگی ئامە بێت هیچ شتێک نییە ئازارم بدات، کەچی ئامە دەستی گرتم و پەلکێشی کردم و بەرەو ماڵ بردمی...

من نامەوێ بچمە ماڵ، کەچی ئەو بە زۆر بۆ ماڵم دەباتەوە... ئەی هاوار چی بکەم لە دەستی دایکم؟. خۆ هەر دەمکوژێ ئەگەر لەسەر هیچ نەبێ لەسەر ئەوە لێم دەدا بۆ پێم پەتییە و شووشەیش قاچی بڕیوم و پێم نەزانیوە... خوێن پێیەوە مەییووە... پێم دەڵێ:

- توو کەوش سەندید ئەرا سەرد؟!

ئای هاوار چی بکەم ئەگەر زانیبێتی بە ناوی ئەو هەڕەشەم لە دووکاندارەکان کردووە!!

ئای هاوار چی بکەم.

***

ئەگەر بکرێ وێنەیەکی فۆتۆگرافیی کونجەکەی ئامەم بۆ بکێشرێ و بتوانم نەخشەی ماڵەکەی دەست نیشان بکەم، وا دەزانم دەبێ گەڕەکێکی بچکۆلە دابەش کەمە چەند سەدەیێک، بە واتایەکی تر کونجەکەی «ئامە» و ئەو دوو سێ خانووەی لای چەپی کونجەکەی «ئامە» و خانە گەورەکەی لای ڕاستی و کەلاوە کۆنەکەی لای ژووروو و زبڵدانەکەی لای خواروو ئەوا دەتوانم بڵێم ئەم هەڵەتە لە سەدەی سفردان.

هەرچەن ماڵێک یا چارەکە کیلۆمەترێ بەولاوە ماڵی «ڕەشید بەگی موختار» بە هەموو باغ و دار و گوڵ و حەوز و مەڕ و ماڵات و پەلێ کارەکەر و دەستەیەک نانەوا و هەشت نۆ جلشۆر، دە دوانزە مامۆستای تایبەتی بۆ کچ و کوڕی گیرابوون جگە لە میوانە هەمیشەیییەکانی کە باش چاوەش و قایمقام و پۆلیس و مودیر بەلەدییە، داودە کەچەڵی زەڕەنگەری دەوڵەمەندی سەلەم خۆر و مام ڕەحمانی «سەرۆکی قاچاغچییەکان» و کاروانچی.

بەکورتی ماڵە گەورەکەی ڕەشید بەگی موختار... کە زیاتر لە سەد ژووری گەورەی تیا بوو، وڵاتێکی سەربەخۆ بوو و پەیوەندیی دیپلوماسی و باڵوێز و خەزێنە و پیلان و دەعوەت و بەرتیل و سوڵح هەمیشە هەر بەردەوام بوون .

بەکورتی لەو گەڕەکەماندا کە ژمارەی خانووەکانی لە سێسەد ماڵ زیاتر نەبوو هەموو سەدەکانی مێژووی کۆکردبووەوە هەر لە سەدەی سفرەوە تا یەک و دوو و سێ و دوانزە تا بیست... یانی بەئاسانی لە دەموچاوەکانی خەڵکی گەڕەکەکەماندا مێژوو بەجوانی دەخوێنرایەوە، هەموو ڕووداوەکانی مێژوو لە ڕەفتاریاندا دووبارە دەبووەوە، «ئامە» نەک لەبەر ئەوەی کە لە بەشێکی بچووکی گەڕەکێکدا ڕەنگی دەرەوەی سەدەی سفری دەنواند، بیرکردنەوە و سۆز و ڕەوشتیشی وەک مرۆڤی ئەو سەدەیە بووبێ... بەپێچەوانەوە ئەوانەی جلوبەرگ و پاک و تەمیزی وەزیفەیانی لە مرۆڤی سەدەی بیستەم دەچوو بەتایبەتی کۆمەڵەکەی «ڕەشید بەگی موختار» کەچی سۆز و بیر و ڕەوشت و جووڵانەوەیان لە مرۆڤەکانی تافی بەرد دەچوو زوربەیان لە سەربازەکانی هۆلاکۆ و تەیمووری لەنگ و کاهین و ڕەبەنەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا دەچوون، ڕەشید بەگیش بۆ خۆی ڕاسپۆتینێک بوو، بە ئیشارەتێکی گەورەترین کێشە دەبڕڕایەوە بە ڕوو کرژکردنیشی بچووکترین کێشەی دەکردە جەنگی جیهانی، شاعیری تایبەتی و ئەسپ و کەر و کاتب و مەلا و شەرعی تایبەتیشی هەبوو، ئەو گەڕەکە مێژوویییەی ئێمە لە هەموو شەو و ڕۆژێک و لە دەیان سوڵح و دەعوای سەیر سەیردا دەژیا.

فڵانە کچ لەگەڵ فڵانە کوڕدا لە لادێوە ڕایانکردووە، ئێستا لە ماڵی ڕەشید بەگدان...

ئاغا و کوێخا و خاوەن کچ بە هەزار سوێند و تەڵاقەوە هاتوون بۆ کوشتنی کوڕ و کچەکە...

جاری وا هەبوو لە گەرمەی ئەو گشت توندی و تووڕەیییەدا ئاشت دەبوونەوە و بە شایی و زەماوەند سوڵح دەکرا.

جاری واش هەبوو دەبووە شەڕە تفەنگ... خۆ کاربەدەستانی میریش لەو هەرا و کێشەیەدا متەقیان نەدەکرد و هەر سەیری دەمی ڕەشید بەگیان دەکرد، هەرچییەکی بوتایە ڕەت کردنەوەی نەبوو... جا ئەو جۆرە ڕووداوانەش لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر ڕەنگی دەدایەوە. ئەگەر ماڵێ دوو ژووری هەبوایە لەگەڵ کونجێکی وەک ئامەدا، وا دەهاتە بەر چاو، دەبوایە وا ببێ خاوەن دوو ژوورەکە بەنیسبەت خاوەن کونجەکە دەبووە ڕەشید بەگێ بۆ خۆی...

***