چلەی زستانە و چلەی هەژارە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1003 بینین
چلەی زستانە و چلەی هەژارە
شەڕەدار لەسەر خەڵووز و دارە
دەرەجەی هەوا، وا «تحت الصفر»ە
دەرەجەی فەقیر، لە چەپدا سفرە
بێ پارەیییە و ئینساف نەماوە
خوا بەردی بەستووە سەگی بەرداوە
خوا نەناسینە وامان لێ ئەکا
خوا کێو ئەبینێ و بەفری تێدەکا
چونکو کاسبی حەڵاڵ نەماوە
بەرەکەتی ڕزق وا هەڵگیراوە
کردەی ئێمەیە و بردەی شەیتانە
چۆن سەرئەگرێ ئەم دەور و دووکانە
ئەمە دەردێکە لە زۆر جێ عامە
خەتا سوورەیە و نزیک بەشامە
خوا لە گوناهی ئێمە ببوورێ
ئای خەتەسوورێ، لە ئێمە دوورێ
ئێمە مەلیکمان بەنووهاشمە
لە لای خوا پشتمان بەوان قایمە
ئەڵبەتە سایەی نەسلی پێغەمبەر
بۆ ئەم عیراقە ئەبێ بە ڕەهبەر
بەڵام وا چاکە کە خۆمان چاک بین
پشت بە خوا بەستین، بەوە بێباک بین