وا چلەمان چوو، شوکور نەمردین

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  929 بینین
وا چلەمان چوو، شوکور نەمردین
خوا لە دەست «شەوە» ڕزگاری کردین
ئینجا مایەوە هیمەتی پیران
جنۆکە نەمانهاوێتە بیران
جنۆکە دەستی خۆی لێ وەشاندین
گەلێ نازداری لەگەڵ تەراندین
ئەمجا دوای شێتی نۆرەی ژیرییە
خەڵک لە ناو خۆیدا ڕا و تەدبیرییە
بەڵێ کەس لە پڕ نابێ بە کوڕێ
تا پێ ئەگا سەد کفن ئەدڕێ
ئێمەیش وا چەند جار تەجروبەمان دی
ئەوەی ئەترساین لێمان هاتە دی
با ئیتر نۆرەی هوشیاریمان بێ
بەس هەرزەکاری و بێعاریمان بی
نۆرەی خوێندن بێ، کە هەر بە خوێندن
ڕزگاریمان دێ لە فێڵی دوژمن
شەرتی ئەوەڵمان ڕێکی ناوخۆیە
ناڕێک بین نابین بە هیچ، درۆیە
هەموومان دزی گاکەی خۆمانین
جاسووسی یەکین، هەتا ئەتوانین
کێ لەولاوە هات «ژورناڵمان» لێدا
بینووسێ هەرچی ئەڕوا بە ڕێدا