ساڵانی پێشوو بەختمان یار بوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
943 بینین
ساڵانی پێشوو بەختمان یار بوو
حەکیمەکەمان نەخوێندەوار بوو
نەمان بیستبوو ئەم هەموو دەردە
نە ئەچووە زگمان دەرمان بە فەردە
ترس و واهیمە نەبوو لە ناوا
عیللەتمان بە ئاو ئەدا بە ئاوا
بە نوشتەی شێخێک، یا لەرز بڕینێ
نەدەما دەرد و ژانی برینێ
هێلانەقوڵتە لەگەڵ شیری کەر
دەردەباریکەی لا ئەبرد لەسەر
ئەوسا شرینقە شەو هەر بۆ ژن بوو!
ئێستا نێرینە لەشی کون کون بوو!!
دیپلۆمەی درۆ لە ناوی بردین
هەزار نەخۆشیی بۆ پەیدا کردین
خۆ هێجگار دەردی ئیجتیماعیمان
دووبەرەکیی وای هێنایە مەیدان
نایێڵێ ساتێ سەرمان ڕەحەت بێ
بەشمان بۆ سەردار، سەر دار و پەت بێ
هەرچی هەڵئەسێ ئەڵێ: من حیزبم
برا لێم لادە، نامەوێ حیز بم
ئەحزاب جوێ بۆ جوێ کەوتنە شەڕەجوێن
ئیسلامییەت و عەسەبییەت جوێن