ئەڵێن خەربەستە و خاوەندی ڕەستە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1520 بینین
ئەڵێن خەربەستە و خاوەندی ڕەستە
پەند بگرێتە گوێ ناکەوێ بەستە
هەندێ کەر هەیە هەوسار ئەپسێنێ
کە بەر بوو جووتەی پیس ئەوەشێنێ
ئەوە وا چاکە باری گران بێ
کە مانیشی گرت بەشی لێدان بێ
هەرچی بە لەقە لە خەڵکی بەر بێ
بۆ ئەوە دەشێ کەرسمەی دەربێ
ئێستر لە گوێدرێژ بارەبەرترە
حەرام زادەیە بە خەتەرترە
خۆزگە هەر کەسێ وا زۆڵ بوایە
نەسلی نەبوایە لەم سەر دنیایە
باوەڕت نەبێ بە حەرام زادە
لە حەج بیبینی خۆتی لێ لادە
پیاوی موسوڵمان ئەبێ سالم بێ
دەست و زوبانی بۆ خەڵک خادم بێ
چەند خۆشە ئینسان لە خوا بترسێ
ڕێگەی ڕاست بگرێ و لە شا نەپرسێ
خزمەتی قەوم و قیلەی خۆی بکا
نەیەوێ هیچ کەس تکای بۆ بکا
هەر چۆنێک ئەژی خۆشە نەک بە شەڕ
خۆت خۆشەویست کە لای خوا و بەشەر