خوا خۆی ئەیزانێ زوبان ناوەستێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  846 بینین
خوا خۆی ئەیزانێ زوبان ناوەستێ
هێنای حەپسی کرد هاویشتیە بەستێ
لە پووک و لە دان کردیە دوو دیوار
دوو لێو بە سەریا دیوار بوو بە چوار
بەم چوار دیوارەش هێشتا بەند نابێ
ئەبێ لەوەوە گەردش بەرپا بێ
مەتەڵی کوردی بۆ ڕێک خراوە
بە گورگێکی هار ناوی براوە
ئەم لای دیوارە ئەولایشی دیوار
حەپسخانەیە بۆ گورگێکی هار
لەگەڵ ئەوەیشا کاتێ دەرفەت بێ
نایەڵێ سەری خێوی ڕەحەت بێ
خۆ ئەگەر بێتە سەر باری چاکە
لە هەموو عوزوی بەدەندا تاکە
ئەوە لە حەیوان جوێی کردووینەوە
گۆی ئیمتیازی بۆ بردووینەوە
ئەو نوتقەی کەوا ئەدرێ بە زوبان
پیاو پێی ئەبێتە پەسەندی جیهان
لەگەڵ ئەوەیشدا کەم وتن چاکە
ئەوی زوبانی خۆی گرت بێباکە
هەر دادی خوایە و خواستی کردگار
زوبان بە چاکە بتهێنێتە کار