زەروو کە خوێنی پیسی پیاو ئەمژێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
977 بینین
زەروو کە خوێنی پیسی پیاو ئەمژێ
لە مار چاکترە بە ژار ئەکوژێ
خۆ هێجگار دووپشک لە کردەی بەدا
هەرچی هاتە پێش پێیەوە ئەدا
لەم دوانە بەدتر بەنی ئادەمە
وەزندمان بۆ یەک بە دەست و دەمە
بۆ یەکێ ناڵێم کەس گوێی لێ بگرێ
ئەم ئاگرە تا بێ زیاتر گڕ ئەگرێ
باقڵ ئەم جارە ئاگری زەردەشتە
مووشەدەمەکەی شنۆی بای وەشتە
وا دەردەکەوێ ئاخر زەمانە
چونکوو دەورێکە باوی ژنانە
کە پیاوان ڕیش و سمێڵیان تاشی
من وتم ژنان ئەبنە بێگباشی
دەمێکە بە دڵ من چاوەڕوانم
چونکوو من ڕەسمەن کوێخای ژنانم
وا جینسی خەشین سەر و دەست ئەبڕن
هەر جینسی لەتیف دڵ نەرمترن
کە ژنان دەستیان گەیشتە کوتەک
پیاوان ناچارن بچنە بەر خەڕەک
هەلی هەلهەلەی کچانمان هەڵکەوت
سەردار و سەرەک وەک بێسەری کەوت