دنیا هەر ڕۆژە ڕەنگێ ئەنوێنێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
881 بینین
دنیا هەر ڕۆژە ڕەنگێ ئەنوێنێ
هیچیشی لەسەر بارێ نامێنێ
ڕۆژێ هاوارە باران نابارێ
کە باریش ئەڵێن غەرق بووین بە جارێ
هەر کەسە لەسەر هەوای خۆیەتی
تەنها هەژارە باوکەڕۆیەتی
دەوڵەمەند وا ڕێی خۆی گرتوەتە پێش
هەندێکیش بوونە یابووی سنگ هەڵکێش
لەگەڵ هەوساریان لەسەر داماڵا
لەگەڵ جەردەدا ئەکەن بە ماڵا
گۆزە و دیزەمان تێکڕا ئەشکێنن
ئاشنا و دۆستمان لێ ئەڕەنجێنن
هەی بژی کابرای لە خشتەی بردین
نەوجوانانی لە دەست دەرکردین
مەنفەعەتێکی خۆی لە ناوا بوو
بۆ ئەوە داینی بە گورگان خواردوو
ئەو لاوانەی وا لە کیس ئێمە چوو
ڕۆستەمی زاڵیش وا ئازا نەبوو
ئەڵێن مارانگاز کوێچکەی شل دەکا
لە خشەی مار و مێروو سڵ دەکا
ئێمە دوای ئەوەی مار پێوەی داوین
ئەنجا بۆ دووپشک زۆرتر بە تاوین