ئەو سیاسییەی ئەڵێن: دڵ ئاگا
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
867 بینین
ئەو سیاسییەی ئەڵێن: دڵ ئاگا
لە فڕوفێڵی ئەم چەرخە ناگا
زۆر جار دیومانە ئەوەی زۆردارە
بووە بە خاوەند کۆت و قەنارە
بسمارک پەڕەنسی قەومی ئاڵەمان
کە پێیان ئەگوت: سیاسی جیهان
فکری «اَلْحُکْمُ لِمَنْ غَلَبْ» بوو
لە ڕیزەی قەولی پێغەمبەر دەرچوو
فەرمووی پێغەمبەر «صلی اللە علیە»
«الحَقُّ یَعلو لا یُعلی عَلَیْە»
ئەیبینی ئەڵمان تا بڵێی ئازان
بە فەن و سەنعەت پێشکەوتووی دنیان
تۆوی غرووریان لە دڵیانا چاند
بە زۆرەملی زۆر ملیان شکاند
ئاگرێکی وایان بەردایە جیهان
چەڕەدووکەڵی گەییە ئاسمان
سەیریان کەن دوایی خۆیان تیا سووتان
زۆری نەماوە بمرن لە برسان
دیموقراتییەکان کە بۆ سەهیۆنی
عەرەبی نەجیب بخەنە زەبوونی
هیچ فەرقیان نابێ لەگەڵ ئەڵەمان
گوێمان لێ ئەبێ بڵێن: ئەلئەمان