عیلمی حوقووقمان کە سەردەفتەرە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  601 بینین
عیلمی حوقووقمان کە سەردەفتەرە
بۆ وەزیفەی بەرز یەکە ڕەهبەرە
لکێکی زۆری لێ ئەبووەوە
من خوێندم بەڵام بیرم چوەوە
حوقووقی دووەل قورستر بوو باسی
چونکو پێویست بوو بۆ دیبلۆماسی
ئێستا ئەو دەرسە باوی نەماوە
کە زۆر کەوتە ناو ئەو کەوتە لاوە
عیلمی فیقهیشمان وای لێ بەسەرهات
مۆدەیێکی وا لە ناوا داهات
حەرام حەڵاڵی وەها ڕاو ناوە
حەڵاڵ سەربڕا نوتقی نەماوە
عەرز و ماڵی خەڵک شەرعەن حەرامە
نەوەک ماڵ عەرزیش بۆ زۆردار ڕامە
هەرای حوڕییەت کەوتە ناوەوە
لە پڕ هەردوو پێی کەوتە داوەوە
ئێستا بە بێ قۆرت ئیستیبداد حوڕە
وەک کوردە دەڵێ چرا هەڵبڕە
ئەویش کە ئەمڕۆ کەوتوەتە هاوار
هەر بۆ ئەوەیە خۆی بێتە ڕووی کار
ئەمانە ئێمە زوو تێیگەیشتین
نووسیمان جڕتیان بۆ ڕادەهێشتین