مەرد لە واتەی خۆی ناگەڕێتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1164 بینین
مەرد لە واتەی خۆی ناگەڕێتەوە
ئەو تفەی ڕۆی کرد نایلێسێتەوە
هەواڵی مەردی و شەڕەف ئەپرسی
ناویان لێ ناوە کوردە نامووسی
چەندێکیش تەفرە سیاسەتێ بوو
«دیدەم نەدیدەم» کیاسەتێ بوو
هەندێ قورئانیان بۆ سوێند مۆر ئەکرد
پیاویان ئەبرد و گۆڕبەگۆڕ ئەکرد
بۆیە وا لێیان کەوتوونە تەقە
«شەوقی» هەمیشە بەشی هەر شەقە
ئێمە باوەڕمان هەیە ئەمجارە
هەڵبژاردنمان بێ شەق و دارە
وەرن با ورد ورد بخوێنینەوە
مادەی «قباقچی» نەژیێنینەوە
فرستادەمان «ئینە مەوانۆ»
«پادار بگێروون بێ پا مەمانۆ»
مەشهوورە کە کورد مەردی مەیدانە
ئەمجارە هونەر بە گۆ و گۆچانە
گاڵۆکێکی وام هەیە گرانە
یا بۆ دەستیانە یا بۆ سەریانە
بەخوا ئەم قەومە دەستەوەستانە
خوا بکا سەر و دەست نەشکێ بەسمانە