منداڵ بە ئاگر دەستی بسووتێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  780 بینین
منداڵ بە ئاگر دەستی بسووتێ
پێی ئەڵێ بڤە کە دیی بزووتێ
مارانگاز لە خشەی مێروو ئەترسێ
کورد بە ئازایی لە هیچ ناپرسێ
ئەڵێن: ئازایی و نەزانی بران
خۆزگە ئەم دوانە لە یەک ئەبڕان
جوبرائیل دەستی مووسای ڕاکێشا
ئاگری پێ هەڵگرت کە سووتا ئێشا
هەر چەند ئەو ئاگرە زوبانی سووتاند
بە زوبانی «پس» فیرعەونی پساند
ئێمە ئەمەندە سەرمان سووتاوە
وەک کەچەڵ تووکی سەرمان نەماوە
بەردێکین لە توێی قۆچەقانیدا
گەڕاین بە دەوری سەری خانیدا
هاویشتینیانە گوێلاکی خۆمان
بەم سەرگەردییە بووینە سەرگەردان
لە کا و ئالیکی گازرکەر تۆراین
بە فێڵی ڕێوی بۆ... ئەبراین
ئەمانە هەمووی لە دڵ سافییە
«مَن یَتَوَکَّل»، «حَسْبُە»، کافییە
هێندەم زانیوە نابڕێینەوە
لەشمان سووک ئەبێ کە ئەبڕێینەوە