خوا جەهەنەمی خستە قوڕگی مار

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  848 بینین
خوا جەهەنەمی خستە قوڕگی مار
بۆ ئەوەی ئاگر تێکەڵ کا بە ژار
مار ساڵێ جارێ پشوویێک ئەدات
بەو پشووە سارد و گەرم ئەبێ وڵات
هەناسەی کێشا ساردی زستانە
پشووی دا گەرمی تینی نیرانە
هاوین ئەو گڕە دێت بەرەو پیرمان
هێشتا جەهەننەم نایێتە بیرمان
وا لێرە بەفر ئەکەین بە بەفراو
خۆ ئەوێ ئاومان حەمیمە و زووخاو
وا لە جەهەننەم لێرە خەم ساردین
چی دەکەین کە خوا بۆ ئەوێی ناردین
ئێستا چارەمان پەشیمانییە
تۆبەیە ڕێگای موسوڵمانییە
خوا هەموو حەقی خوایی دەبەخشێ
بەڵام حەقی خەڵک ناڕوا و نالەخشێ
ئەو زۆردارییەی تۆ ئەمڕۆ هەتە
سبەینێ بە شەرع ملت لە پەتە
لە مەڕ ئەیسێنی ئەیدەی بە گورگان
بە دەستی خاڵی ئەچیە بەر دیوان
خۆ لەوێ نیتە کە بیدەیتەوە
چۆنە ئەو ڕۆژەت بیر ئەچێتەوە