کە خراپەت دی و موقابەلەت کرد
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
805 بینین
کە خراپەت دی و موقابەلەت کرد
ناوی خراپیت لەسەر خۆت بار کرد
بە چاکە جەزای خراپ بەیتەوە
بەوە گرەوی پێ دەبەیتەوە
بەد، بۆ دۆستی ئەکەوێتە دووت
اَوْهَنَ البُیُوت، بَیْتُ العَنْکَبوت
وەک شیر هەڵمەچۆ بە تینی گڕێ
دوایی قاپێکی بۆشت پێ ئەبڕێ
بە شێنەیی بی، شوێن بزر ناکەی
زوو ماندوو ئەبی، ئەگەر توند ڕاکەی
تەنها بۆ چاکە بە دەستوبرد بە
دەربەستی دڵی درشت و ورد بە
بە تەدبیری دۆست کار ببەرەسەر
خوا فەرموویەتی: «شَاوِرْهُمْ فِی الْأَمْر»
کۆنەپۆشانیش بە کەم مەزانە
کلیم، کەلیمی تێدا پەنهانە
زێوەری دنیا هەر بۆ ژن چاکە
مەرد لە ئارایش دوورە و بێباکە
وا چاوت لێیە کە کۆچی خێڵە
ناوی چاک لە شوێن خۆت بەجێ بێڵە
توخوا نایزانی دەوڵەت و ماڵت
لەگەڵتا نابێ، هاوار بە ماڵت
گوناهەکەتە کە وەفادارە
لە ناو گۆڕیشدا هاودەمە و یارە