چواردە پەندە «هۆشەنگ» دایناوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1032 بینین
چواردە پەندە «هۆشەنگ» دایناوە
کە لە خەزێنەی «کەیان»دا ماوە
پەندی ئەوەڵی بۆ دووزوبانە
بە دووزوبانی وەتەن وێرانە
جاران ئەوانە زوبانیان ئەبڕین
ئێمە ئەوانە بە پارە ئەکڕین
فیتنەی دووزوبان دۆست لە دەست ئەدا
ئەوی گوێی لێ گرت دەست لە دەست ئەدا
سێ کردەوەی بەد کەوتە ناو بەشەر
باوک، برا و دۆست، زوو ئەدا بە شەڕ
بەدعەهدی و درۆ و قین لێک هەڵگرتن
بەسە بۆ بینای خۆشی هەڵگرتن
مەردێکی گەورە کە هاتە ڕووی کار
ماکینەی درۆی بۆ ئەخەنە کار
ئەگەر ئەو مەردە نییەتی چاک بێ
بۆ ڕێنمایی خوا دڵی پاک بێ
هێنای ڕووبەڕووی یەکی کردنەوە
دیارە گرەوی زوو لێ بردنەوە
ئیتر درۆزن لە کۆڵ ئەکەوێ
ئەوسا قیمەتی دۆست دەردەکەوێ
بە هۆی دۆستەوە کار ئەچێتەسەر
خوا فەرموویەتی: «شَاوِرْهُمْ فِی الْأَمْر»