لە کردەوەی خوا سەرم سووڕ ماوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
869 بینین
لە کردەوەی خوا سەرم سووڕ ماوە
مەخلووقی چۆنی خستە ئەم ناوە؟!
ماری داناوە زستان بتەزێ
بە هاوینانیش گیاندار بگەزێ
دووپشکی هێنا کوێری بێ حەیا
بێ قڕەوبڕە بە خەڵکەوە با
هەندێ باڵدار هەن وەک زەردەواڵە
هیچ کەس نازانێ بۆچی عەوداڵە
یەکێکی تریان ژەنگەسوورەیە
ژاری چزوەکەی ئاگری کوورەیە
هەنگ نەجیبە بۆ هەنگوین کەڵک ئەگرێ
کە پێیشیەوەدای ئەو بۆ خۆی دەمرێ
گورگی سەرسەری، بە گەڕوگوڕە
لە هەموو شوێنێ مێمڵی مەڕە
سەگ بۆ پشیلە، پشیلە بۆ مشک
یەکتریان ناوێ وەک مار و دووپشک
ئەمانە هەمووی یەکە بە یەکە
هەچی ئەڕوانی دوژمنی یەکە
هاڕووت و ماڕووت فریشتەی باڵان
کەوتنە ناو ئێمە، ئێستەش لە چاڵان
وێنەی گورگ و مەڕ زۆردار و هەژار
ئەو خوێن ئەمژێ و ئەم دەم بە هاوار
ئەوی بە کەڵک و بێوەیە، کەرە
هەم بێ زوبانە، هەم بارەبەرە