کوێخایی بە دەست کەسێ نادرێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
804 بینین
کوێخایی بە دەست کەسێ نادرێ
هەمیشە دەستی لە دەست هەڵبڕێ
کاربەدەست ئەگەر لە تۆ بترسێ
دیارە ناڕاستە، خوا لێی ئەپرسێ
خۆ بێت و کەسێ کردەوەی ڕاست بێ
لە کەس ناترسێ سەدجار بازخواست بێ
بەدبین و خودبین هەر دووک ناسزان
لای خوا و بەندە شایستەی جەزان
پێخاوس بەو نەک پێڵاوت تەنگ بێ
بێ ژن بەو نەوەک لە ماڵتا جەنگ بێ
قەرز مەکە هەرچەند وادەت مەحشەر بێ
درۆ مەکە با تیغت لەسەر بێ
کە هەوات بەرز بێ سەرت شۆڕ ئەبێ
جوانووی بێ لغاو هەروا تۆڕ ئەبێ
دنیا لە بارێ نابرێتە سەر
زستان هەتاو و بە هاوین سێبەر
هەوڵ نەدەی، ڕوانیت وا لێبوویتەوە
ئەبێ بیچێنی تا بیدروویتەوە
چاوت لەوە بێ تۆ بیدەی بە خەڵک
نەوەک چاولەبەر، بێ ئەرک و بێ کەڵک
کە بە سەردڕی خۆت ناڕازی بی
ئەبێ بۆ قەرزی خەڵک لای قازی بی