ئەگەر پەنجەرەی تۆ شوشەبەندە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
928 بینین
ئەگەر پەنجەرەی تۆ شوشەبەندە
بەرد بهاویە خەڵک، کاری تۆ گەندە
کە شەڕەجنێو بکەی لە کۆڵان
دایک و باوکی خۆت ئەکەی بە قەڵغان
ئەگەر تۆ ئێشی دەرزی بچێژی
بە سووژن خوێنی خەڵکی ناڕێژی
ئەوی ژاری چەشت لە زەردەواڵە
ئیتر هەنگوینی لەدەمدا تاڵە
هەیە بە تەفرەی دوو «حۆقە» ساوەر
حەجێ ئەنێتە پێناوی باوەڕ
مەئمووری گەورە ئاوە دەکشی
وردەڵەکانمان زیخە ئەنیشی
ماسی کە زل بوو ئەچێ بۆ دەریا
ئەژدەهایش بە زۆر بۆ دۆزەخ بریا
ئاو لە جێیەکدا کە زۆر بمێنێ
ڕەنگی ئەگۆڕێ و زەروو هەڵدێنێ
زەروو خوێنی پیس لە لەش ئەمژێ
«کوڵەوەیبابە» کە پیاو ئەکوژێ
ئاخ کوڵەوەیباب، داخ کوڵەوەیباب
جەرگی عالەمت سووتاند وەک کەباب
لەم گێتییەدا دەنگی باش باشە
کە لە گۆڕیشدا یارە و وێڵداشە