من بۆت ئەنووسم بە دەرس بیخوێنە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  843 بینین
من بۆت ئەنووسم بە دەرس بیخوێنە
دەستێ کە حاکم بیبڕێ بێ خوێنە
بەڵام ئەو دەستەی لەو هەڵدەبڕێ
حەق بێ! خوا نانی ئەویش ئەبڕێ
خەڵک بۆیە ڕانی بە شوان ئەسپێرێ
کە لە گورگ و دز، پاسی بدێرێ
گەر گورگ هات و مەڕێکی ڕفاند
ئەو گورگە قەدری شوانەکەی شکاند
شوان ئەبێ سەگی گورگ خنکێنی بێ
خۆیشی گاڵۆکی سەرشکێنی بێ
ئەوەی ماڵ بە زۆر لە خەڵک ئەسێنێ
خۆڵەمێشێکی لە جێ ئەمێنێ
گڕی ئەو ئاگرە بە چاو دیارە
کەس باوەڕ ناکا هێشتا لەم شارە
ورچ هات بە خۆیا و کەوتە چەپۆڵە
پشتی پڵنگی کرد بە کەمۆڵە
کەس لەمە سەری لێ سووڕ نامێنێ
خوا تۆڵەی بزنی بێ شاخ ئەسێنێ
بە «دیموقراتی» من ڕەنگم سوور بێ
خوا بکا پڵنگ و ورچم لێ دوور بێ
پیشەی حوکمدار دڵنەواییە
لە سیاسەتدا «ئابی» داییە