میوان ڕزقی خۆی لەگەڵ خۆی دێنێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  850 بینین
میوان ڕزقی خۆی لەگەڵ خۆی دێنێ
کوێ خانەخوێ بێ لە جێی دەستێنێ
خوا فەرموویەتی تۆ هەر ببەخشە
سەد هێندەی ئەوت بۆ دێ مەلەخشە
ئەو ڕزقەی کەوا خوا بۆت ئەنێرێ
لە ئەجەل زیاتر، لە دووت ئەگێڕێ
بەڵام ڕزقی خوا شەرتی باوەڕە
بێ باوەڕ ماسیش ناگرێ و تەڕە
بە بەش ناڕەزا، لە خۆی بێزارە
تۆ دایم لە خۆت خوارتر بنواڕە
هاونشینی چاک خەم ئەڕەوێنێ
بەدخوو پرشنگت لێ ئەپرژێنێ
مەبە بە مورغی قورسە هێلانە
خۆت لە دنیادا غەریب بزانە
ئەو دراوسێیەی کەوا بێوەیە
بزانە چاکەی بەسەرتەوەیە
کە دراوسێکەت بێ شێو هەڵیکرد
حەق وایە فریای کەوی دەستوبرد
کەبابی سەخی دەوای دەردانە
پاقلاوەی چرووک دەرد و سندانە
چەند خۆشە لەگەڵ یەک دوو دۆستی چاک
هەڵسی و دانیشی بە دڵێکی پاک
ئەوسایە بڵێی بەهەشتی دنیا
بە من دراوە بە تاقی تەنیا