بەرچاو و پێڵاو هەردووکیان تەنگ بێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
846 بینین
بەرچاو و پێڵاو هەردووکیان تەنگ بێ
ئەبێ پێی دڵ و پێی ڕۆین لەنگ بێ
ناوەجاخ بێنە بیخەرە سەر کار
لە پێشدا برای خۆی ئەدا لە دار
خوا غەنی کرد و لە وزە دەرچوو
«إِنَّ الْإِنسَانَ لَیَطْغَی»ی فەرموو
کە بە هەڵپەهەڵپ پاروو نەجوورا
کاتێکت زانی لە بینت گیرا
ئەگەر عەیبی خۆت بێنیتە پێش چاو
عەیب لە کەس ناگری زوو ئەبی بە پیاو
بەڵام ئەو عەیبەی کەوا پێتەوە
بە زۆری کوتەک ناشارێتەوە
ئەوی بێ عەیب بێ، خوایە بە تەنیا
لە پێغەمبەران عەیبیان دەرهێنا
سەرکەوتنی شاخ چەندە گرانە
هاتنە خوارەوە هێندە هاسانە
قەسابی ناشی پێستی مەڕ ئەدڕێ
لە پڕێ هیچ کەس نابێ بە کوڕێ
ئەگەر مەبعووسی بێ مەعاش ئەبوو
ڕەئیسی تەجنید ئەرکی تووش ئەبوو
گوێم لێ بوو پیرێ، وای ئەگوت پێرێ
خوا دەوڵەت بۆ سەر دەوڵەت ئەنێرێ