ئەو کەسەی کەوا لە خۆی باییە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  831 بینین
ئەو کەسەی کەوا لە خۆی باییە
دووی با کەوتووە، ڕەنج بە باییە
خودبینی عەکسی ئاوێنەی دێوە
ئەمدیوی دیوی، دێوی سەر کێوە
بۆیە گلێنەی چاوم خۆش ئەوێ
ئەبینێ و چاوی بە خۆی ناکەوێ
دنیا ئەبینێ و خودبینی ناکا
عەزیزە لەناو ئەندامی چاکا
بەدکار لای گەورە کە تێدەکۆشێ
پەڵە هەور تیشکی ڕۆژ دائەپۆشێ
خوا ڕەگی چقڵ لە بن هەڵکەنێ
دەست بۆ گوڵ ئەبەی، دەستت ئەڕنێ
هەنگوینیش چزووی هەنگی لەگەڵە
بەڵێ هەر نۆشێ، نێشی تێکەڵە
ئەمە فەرموودەی ڕاستی «نەبی»یە
کە لە جیهان دا ئاسایش نییە
ئەگەر سەرکەوتن تا سەر، سەربگرێ
بۆچی لە بەهەشت ئەکراینە دەرێ؟
دیارە کە خۆشی بۆ کەس نامێنێ
لەبیر نامێنێ کەیفەکەی دوێنێ
ئەمڕۆ کەوتووینە ناو دۆست و ئاواڵ
کە شەوت لێهات، خەوە یا خەیاڵ
لەگەڵ تاڵیشیا دنیا شیرینە
هەندێک بە دینی دنیا بێدینە
هەیشە کە دنیا «دەنی» ئەزانێ
دوورە لە دەوری دوونان بۆ نانێ
بە هیوای ڕەزای خودا بێ غەمە
لە پاشەبەرەی نەوەی ئادەمە