«یەک شەموو» نەمام بنێ، دێتەبەر
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
873 بینین
«یەک شەموو» نەمام بنێ، دێتەبەر
«دووشەمموو» هەڵسە بچۆرە سەفەر
«سێ شەموو» نەحسە بۆ کورد بە جەنگە
«چوارشەمموو»ی بەهار سەیر و ئاهەنگە
«پێنج شەمموان» باشە بووکی تیا دەبەن
هەینی بە جەژنی مۆمین ناو ئەبەن
«شەمموو» تەعتیلی جوولەکەی تیایە
لای من هەموویان ڕۆژی خودایە
بەڵام چاوی پیس پیاو دەئەنگێوێ
تەئسیری زۆرە، بگرە لە کێوێ
إوَإِن یَکَادُأ کە خوا فەرموویە
بۆ ئەوانەیە کە چاو لەدوویە
حاکمی بابان چاویان هەڵئەکەند
بەوە تۆڵەیان لە چاوپیس ئەسەند
چەندێ زوبانی بەدگۆیان بڕی
هەندێ «ژوڕناڵی» جاسوسیان دڕی
ئاخ خۆزگە ئەمە ئەکرا بە قانوون
چاوپیس و بەدگۆ لە ناو دەردەچوون
زمانیان بڕن، گرۆی بەدگۆیان
شوێنێکی تریان بۆ دێتە زمان
ئەڵێن: خوا بۆیە بەدکار ئەژیێنێ
لە ناو ئەواندا پیاوچاک بنوێنێ
ئەمە زەمانی مەهدیی پێ ئەوێ
ئێستا کەس نییە پیاوچاکی بوێ