سروشتمان چونکو گەنمی تیایە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1099 بینین
سروشتمان چونکو گەنمی تیایە
هەویر بۆ هەموو زاممان دەوایە
ئەگەر ئاوبەندیش زۆرمان پێ بێنێ
نیوەنمەکێ ژانی ئەشکێنێ
لەبەر ئەوەیە ئەگەر نەبرژێین
فش هەڵدێین بە بای غرور ئەترشێین
لە فەسیلەدا تیرەتیرەین، جوێین
گاڵ و زوڕات و دانەوێڵە و جۆین
هاڕیونی ئاشی چەرخ بە قینەوە
ئاردی ناو دڕکین، یەک ناگرینەوە
چاومان ژوور سەری خۆمان نابینێ
عالەم سەرکەوت و «کورد» وا دەمێنێ
دووکەڵ لە نزمی بەرز ئەبێتەوە
دیزە لە بەرزی تل ئەبێتەوە
ئەورووپا ئۆردووی کۆلارەی هەیە!
کوردیش کەلارەی تەپاڵەی هەیە!
«تەکەنمەد»ی ئێمە «بەرگن»ە
فانیلەی ئەوان «ڕۆنگ»ە بەرگنە
ئەو گیایەی ئێمە ئەیخەینە بەر کەر
ئەوان «ئاوریشمی» لێ دێننە بەر
ئەوەی لەم خاکە خۆی پەیدا ئەبێ
دەس خێوی کەوێ، بە کیمیا ئەبێ