دەوڵەمەندی «ڕژد» خاوەن ماڵ نییە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  976 بینین
دەوڵەمەندی «ڕژد» خاوەن ماڵ نییە
بەچی ئەزانێ ئەو حەماڵ نییە؟
سیلاحی دەستی ئەبنای زەمانە
درۆ و بێ شەرتی و خیانەت سیانە
درۆیەکی وا کە بیسەلمێنی
شەرتێک کە سوێندی نامووس بەڵێنی
بە سەرزاری دۆست، کەچی بە دزی
کاتێکت زانی هەر وەک مار گەزی
لەگەڵ ئەو حاڵە ئەوان لە کاران
ئەڵێی نە بایان دیوە نە باران
هەموو تازەیەک زەوقێکی تیایە
مردنی تازەی برسی بەڵایە
ئەڵێن تەنگانە شیددەت بسێنێ
گوریسی هێزی خۆی ئەپچڕێنێ
وا ئێمە پچڕاین، گوریس ناپچڕێ
دوای ئێمە خۆشی بە کێ ئەبڕێ؟
«هیتلەر» لە «ئیتلەر» جمعە بە جەرگە
بە هیچ ناپچڕێ هێندە سەگ مەرگە
ئەیانگوت سەگەل ڕاوە ورچ ئەکەن
ورچ سەگی خەساند، گونیان چرچ ئەکەن