خۆزگە ئەمزانی ئەم ڕەشەبایە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
861 بینین
خۆزگە ئەمزانی ئەم ڕەشەبایە
کە بە هاوین دێت بۆچ وا گەرمایە
کەچی زستانان کە ڕەشەبا هات
سەرما و بەستەڵەک ئەخاتە وڵات
های شیمال خۆت و شەماڵت بژین
فێنکی دڵە شنەت بە هاوین
شەماڵ خەرمانی پێ شەن ئەکرێ
ڕەشەبا کەڵکی هیچمان ناگرێ
تۆزی ڕەشەبا لە گەردشایە
نازانین چیتر دێنێتە کایە؟
بە هەموو بایەک ئەلەرێینەوە
بە هەر فیکەیەک ئەگەڕێینەوە
ئەم حاڵە هەموو لە ناچارییە
ماڵەوماڵ گەڕان لە بێکارییە
ئەوەی ئیشێکی بۆ خۆی پێکهانی
نایپەرژێتە سەر واتەی دیوانی
ئەگەر کاسبی بکەوێتە ناو
ئەوسایە میری ئەگەڕێ بۆ پیاو
ئێستا دووکاندار فرۆختی نییە
لە دووی چاوەشی ئیشغال شەقییە
سا با ئیدارەی ماڵی دەست کەوێ
بزانە توخنی سزا ئەکەوێ
خۆزگە دەستوورێک ئەخرایە ناو
پیاو بۆ ئیش ئەبوو نەوەک ئیش بۆ پیاو