ترشیت خوارد دانت ئاڵ ئەبێتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  951 بینین
ترشیت خوارد دانت ئاڵ ئەبێتەوە
کە گریای چاوت کاڵ ئەبێتەوە
ڕیس چەوتی بادەن ئەبێ بە خوری
قنگت تەڕ نەبێ ماسی ناگری
ناشی تەشوێی خۆی دەمەسوو دەکا
ڕیاکار مەدحی ڕووبەڕوو دەکا
دۆست بەرەوڕوو قسەی ڕەق ئەکا
پاشملە پیاوت لەسەر شەق ئەکا
ئەو کەسەی لەسەر سفرە دۆستتە
پاشملە چاوی وا لە پۆستتە
ئەوانەی فێری درۆ و غەیبەتن
ڕوویان مەدەرێ شووم و نەگبەتن
پیاوی وام دیوە بۆ نان و کەباب
کەوتۆتە زەمی مام و خاڵ و باب
ئەمە شوورەیی و حەیا بردنە
چاری ئەمانە هەر دەرکردنە
پشیلەی بێعار بەشی فسەیە
کوتەکیش خەرجی هەندێ قسەیە
سەد شوکور ئێستا «پۆکەر» لەناوە
ماوەی غەیبەتی مەجلیس نەماوە