کار کە بە زانست بۆت نەچێتە سەر
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1089 بینین
کار کە بە زانست بۆت نەچێتە سەر
بە هەڕە مەڕۆ، ڕاست بیدەرەبەر
بەردێ کە نەزان بیخاتە ناو ئاو
دەرنایێ بە سەد عاقڵی بەناو
شوشە کە لە بەرد دروست ئەکرێ
خۆی گۆڕی بەرگەی بەردێ ناگرێ
چێشتی «ئەنگیناز» لە شاران باوە
لێرە کەس نایخوا «کەرتەشی» ناوە
خوا کار بە عاقڵ بۆیە ناسپێرێ
ئیش بە هونەری خۆی ئەژمێرێ
یەکێ خەریکی «سکە» لێدانە
کیمیاگەرە و موحتاجی نانە
یەکێ خزمێکی لە دووری ئەمرێ
لە پڕ دەوڵەت و خەزنەی پێ ئەبڕێ
یەکێ «تەحسیلی عالی» ئەبینێ
بۆ مودیرییەک دۆش دائەمێنێ
کەچی لەولاوە نەخوێندەوارێ
بوو بە قایمقام چوونە لای جارێ
وتیان: چیت زیادە لە پوورە ئایشێ؟
وتی: حەو! خۆ ئەو قەندە ناکێشێ!!
خوا شیرینی وای بە پارە داوە
پارەدار خەڵکی ئەڕوا بەدواوە
ئاڵتون کە ناوی بە زەڕ ئەبرێ
ناوی «زەڕ» دێنی، کەر بوت ئەزەڕێ
ئەمانە هەموو فلسێ ناهێنێ
پارەی پارەدار چەنە ئێشێنێ