ئەزانی بۆچی ئەم ڕوژە جوانە؟
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
868 بینین
ئەزانی بۆچی ئەم ڕوژە جوانە؟
شەو ئاوادەبێ، لێمان پەنهانە
لەبەر ئەوەیە قەدری بزانین
لێی وەڕست نەبین، سووک تێی نەڕوانین
لەگەڵ ئەوەدا لەلایان وایە
کە ئەم دونیایە بەڕۆژ ئاوایە
کەچی هاوینان خەڵک لێی بێزارە
پیاوی نازپەروەر لێی بە هاوارە
پەندە بۆ ئەوەی زۆر لە پێش چاوە
ئەگەر ڕۆژیش بێ، خەڵک لێی بێزاوە
عەشقیش کە شێتی دێنێ بەسەردا
شووری مانیعەی وەسڵە لەبەردا
کە ئاشقە و ماشقە زوو بەیەک بگەن
زۆری پێ ناچێ پشت لە یەک ئەکەن
ئێستا وێزێتە هێندەی تێ ناچێ
کچ لەگەڵ کوڕە، پرچ هەڵدەپاچێ
بۆیە هیچ کوڕێ بۆ کچ شێت نابێ
پێکەوەن لەسەر نان و کەبابێ
جاران کوڕ ئەیگوت: جەرگم کەبابە
ئێستا خەنیمی نان و کەبابە
ئای بۆ دەورەی کۆن، دنیا چەند خۆش بوو
کوڕ بە عەشقی کچ مەست و سەرخۆش بوو
بە لۆیە بەرگ و بە نان و ئاوێ
شا بوو بە عەشقی سەربەدراوێ
ئەگەر تۆ خوای خۆت بناسی بە دل
هەموو مەرامت بۆ ئەبێ حاسڵ
خۆشەویستی خوا خەم ئەڕەوێنێ
کە خوات بوو کارت بە کەس نامێنێ