ئەم دار و بەردە و ئەم شاخە بەرزە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  662 بینین
ئەم دار و بەردە و ئەم شاخە بەرزە
خوا دایڕشتووە، لەنگەری ئەرزە
بۆیە شاخی زۆر لەم خاکە دایە
زەمینەکەمان جونبوشی تیایە
ئەمەندە سەختە نابێ بە ڕێگا
خوا بۆیە هێندە بەفری تێدەکا
بەرەودوا ئەمساڵ خەڵک دێن لەو خوارە
داری بەردارە جێی سایەدارە
ڕۆژێ دارتاشێک چووبووە سەفەر
گەییە کانییەک سێبەری لە سەر
لێی حەسایەوە سەری هەڵبڕی
لقێ داری دی بە مشار بڕی
دار هاتە زوبان وتی دنیایە
بۆیە بەدکاری وەکوو تۆی تیایە
تا ئەو کەسانەی کە دار ئەنێژن
قەدریان دەرکەوێ، چاکەیان بێژن
دەشتی شۆرەزار هیچی لێ ناڕوێ
لێرە لە سەر بەرد دار و گیا ئەڕوێ
کێو نموونەیە بۆ حاڵی بەشەر
چەند ماندوو ئەبی تا ئەگەیتە سەر
لەگەڵ سەرکەوتی ئینجا بە ناچار
ملی ڕێ دەگری یاڵڵا سەرەوخوار
«أَکْمَلْتُ لَکُمْ دِینَکُمْ» کە هات
«یاری غار» گریا، ئاو بە چاویا هات
فەرمووی پێغەمبەر تەشریفی ئەڕوا
عادەتە کەماڵ زەواڵی لە دوا
زیندەگی و برەو بۆ کێ سەر ئەگرێ؟
هەرچی هات ئەڕوا، هەرچی زا ئەمرێ