پەروانە و ماسی بۆ چرا و بۆ ئاو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
842 بینین
پەروانە و ماسی بۆ چرا و بۆ ئاو
هەر دوو دڵدادەن بە ناو و بە داو
هەردووکیان ئەمرن بە خواروژووری
ئەم بە نزیکی و ئەویان بە دووری
گورگ و کەروێشک و شەمشەمەکوێرە
شەوگەردن سیانی وایش هەیە لێرە
زەروو خوێنی پیس لە لەش دەردێنێ
بنیادەم خوێنی پاک ئەڕژێنێ
ئارەق کە پیسە نەشە دەنوێنێ
مێش پاکە کەچی دڵ تێکەڵ دێنێ
ئەسپی زل حۆرتی مل شاسەیوانی
کاتێکت زانی کە تێی نەهانی
بەڵام فەحلێکی ڕەسەنی شیرپاک
سەری خۆتی پێ بسپێرە بێباک
باگردێن سووک بێ بان دانامرکێ
پاڵەوان ئەخا کۆڵنج و برکێ
دڵۆپە دایدا ناوەستێتەوە
هەودایێ گایێ نابەستێتەوە
مریشک هێلکەی کرد گارەگار ئەکا
هەندێ بێ هێلکە پیاو بێزار ئەکا
هەرچەند مشەمما هاتۆتە کایە
چەتر چاکترە لەو مشەممایە
چەتر هەتاویش ئەگێڕێتەوە
سووکترە و پارەی ئەبژێرێتەوە
وامان ئەزانی لافاو ئەمانبا
چلە بەسەرچوو نەما بەفر و با
بورجی پیرێژن بۆ جوانە ژنە
پیریش و جوانیش دوایی مردنە