لە پاییزاندا خەڵک تۆو دەچێنێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
980 بینین
لە پاییزاندا خەڵک تۆو دەچێنێ
بارانی بەهار بۆی دەڕوێنێ
تۆوی دەغڵ و دان هۆزێ ئەژیێنێ
تۆوی خراپە خێڵێک ئەمرێنێ
کە تینی هەتاو دایە سەر بلوور
گڕ هەڵدەستێنێ وەک کڵپەی تەندوور
ئاگر ئەخاتە ڕەش و زەرد و سوور
سپی بێ لەکە ناخاتە فتوور
ئەمە نموونەی سروشتی پاکە
پاک لە ئاشووبی دەوران بێباکە
گوڵەبەڕۆژە ڕووی لە هەتاوە
بۆ زۆر کەس سوجدەی کاربەدەست باوە
گوڵ تا ئەکەوێ ڕوو وەرناگێڕێ
ئێرە بۆ کەوتوو جنێو ئەنێرێ
دەستی لێکەوتەی ناحەق ئەگری
ئەوی کە خۆی کەوت نابێ بگری
بە سێ مانگ سێ مانگ ساڵێک چوار فەسڵە
بە هەموو فەسڵێ، فەسڵ هەر فەسڵە
بە سووژن لێدان ناگاتە دوایی
دەستی «ویسکە»یە و سووژنی پۆڵایی
من دادم لە دەست خوێندەواری بوو
وا خوێندەواریش دەردی کاری بوو
سەری فەسڵ و فەحس هەردووکیان «فێ»یە
دوایی هەر دووکیان ئەبینی فێیە
یارییەکمان هەیە قەڵا قەڵایە
گەنم گرد و جۆ بڵاوی تیایە
وا گیپە و کەشکەک ئەبەشنەوە
نازانین مەجلیس کەی کۆ ئەبنەوە؟