بە کەسێکیان گوت پیاوێکی چاکە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  738 بینین
بە کەسێکیان گوت پیاوێکی چاکە
بۆیە پێی ئەڵێن کە شیری پاکە
ئەم شیر پاکییە بە دوو مەعنایە
هەرچەند کە نوکتەی وا بێ مەعنایە
یەکێکیان شیری بەر دایکەتییە
ئەوی تر شیری حکوومەتییە
شیری حکومت دەس هەر کەس درا
وەک یەک دەبڕێ دوژمن و برا!
حەقی عموومی نادرێ بە کەس
ئیش نادرێتە دەست مەنسووبی ناکەس
دەستووری ڕێگەی قەدبڕ، دوو حەرفە
حوکمێکی وا بە حیکمەتی سەرفە
ئیش بۆ پیاو نابێ، پیاو بۆ ئیش ئەبێ
ئەگەر وا نەکەی شەڕت تووش ئەبێ
بە هەڵم بەڵم بە شەش پای دوو سم
ئینجا میزانی کار ئەبێ قایم
ئەو تەرازووەی کەوا سەر ئەکا
کێ بە کێشانەی ئەو باوەڕ ئەکا؟
بەردێکیان هێنا کە بەردە پشکە
دیوێکی تەڕە، دیوێکی وشکە
من وشکم ویست و یەکێکی تر تەڕ
هەڵمان دا تەڕ هات ئەو پێی کەوتە گەڕ
باوجود ئێستە کەم کەس تەڕ ئەبێ
ئەوی تەڕ ئەبێ گوێچکەی کەڕ ئەبێ
دنیا وەک خەتە میزێنێ وایە
بە شەقی یەکێ دێنەوە کایە
ئاشە تەندوورێش بە شەق ئەدۆڕێ
یەکێ شەق ئەخوا و هەموو دەگۆڕێ
ئێستا ئەمانە باویان نەماوە
هومای مەبعووسی وا بە هەواوە
بزانین سێبەر ئەخاتە سەر کێ
شەودێزی تاڵع بۆ کێ دێتە ڕێ