ئەوی پەل و پۆ ئەکوتێ لە ئاوا
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
941 بینین
ئەوی پەل و پۆ ئەکوتێ لە ئاوا
مەلە نەزانێ دیارە خنکاوە
ناگەیتە قۆناغ بە کنگەخشکێ
بە لیسی کوێری نیشان چون ئەشکێ
گوریس کێشەکێ بۆ ناوخۆ نابێ
تەجرەبەی زۆرت بۆ خەڵکی لابێ
ئەوانەی فێری دەوەن بە ئاشن
باراش هاڕدڕاو ئەوان لە پاشن
بۆ سەروپێی ماڵ جوێ بکەیتەوە
لە سفرەی مێردان جێت نابێتەوە
بۆ تۆڵەی قەومت کە کەم ڕەگەز بێ
ئەبێ بە تورکی «وردم دویماز» بێ
دوکتۆر لە برین، تیریش دەربێنێ
ئێشی برینت هێشتا ئەمێنێ
کە تۆ بە چەپۆک هیچ کوێت نەیێشێ
لاپورەیش هەڵسێ پیاتا دەکێشێ
کە بۆ هاوخوێنت، خوێنت نەجۆشێ
پەچەی بەدنامی ڕووت دادەپۆشێ
با لە ناو خۆیشا ناحەزی یەک بن
لە ڕاستی دوشمن دەست بە کوتەک بن
ناکەس بە پیاوی بێ دەس خەڕۆیە
ئەمڕۆ لە منە و سبەی لە تۆیە
سەر و دەست و پێ هەمووی یەک لەشە
لە ناو عەشرەتا ئەڵێن: ڕەش ڕەشە
بەم زیق و زاقە و بەم داو «لمبازە»
تەلە زیتکەمان هاکا ترازا
کە لە چاڵ و کۆسپ ورد نەبینەوە
ئەمجار کە کەوتین هەڵناسینەوە
ئەوانەی مەعنای پەندی پێشینان
بە پێچەوانە دەخەنە مەیدان
تا لە خۆیاندا چشتێ شک نەبەن
دای نەتەکێنن وەک گوڵۆڵە بەن