کوشتەی عارەقمان وا لە پێش چاوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
958 بینین
کوشتەی عارەقمان وا لە پێش چاوە
ئێواران هیچمان لە بیر نەماوە
ئینسان لە نسیان دروست کراوە
چاوی لە پەردەی غەفڵەت پۆشراوە
تا ساتمە نەکا چاو هەڵنابڕێ
ئەکەوێتە چاڵ پەلوپۆی ئەبڕێ
تا نەمانبەنە گردەکەی سەیوان
چاکە و خراپە نایێتە مەیدان
فۆرمەی وەزیفە کە بوو بە کفن
دەست و پێ لە پیاو ئەبێ بە دوژمن
کە «مەڕنەموکە» چاو زەق کاتەوە
ئاغایی لە بیر پیاو ئەباتەوە
کە وابێ بۆچ هەر باوی «کەوا» بێ
ئەوە «کەوا» بێ کە مەردی تیا بێ
گەردن ئازایی جەژنان ساتێکە
نوێژی ئاشتی هەر ڕکاتێکە
بەڵام گوریسی شەڕ و دەعوامان
هەتا ڕایکێشی ئەو دێ لە دوامان
ئەمانە وزەی بەر گوێی بێعارە
کەس ناڵێ مردن هەیە لەم شارە
ئەگەر هەر بەندێ پەندێکمان باتێ
ئێمەیش ئەچینە ڕیزەی وڵاتێ
دەستی یەک ئەگرین بە کرد و کۆشی
دەوڵەمەند ئەبین، ئەگەینە خۆشی
ئەگینە ئەزین وا هەڵدەبەزین
گوڕەگوڕمانە تا دێینە بەر زین
چلەمان کێشا تا گەینە چلە
هەورازمان بڕی گەینە سەر ملە
پێویستە ئینجا بحەسێینەوە
شەیتان لە خۆمان دوور بخەینەوە
ئەگەر من چاک بم عالەم بۆم چاکە
بەڵام مڕە مڕ شەڕی سەر لاکە