فەزا دەستێکە پێنج پەنجەی هەیە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1053 بینین
فەزا دەستێکە پێنج پەنجەی هەیە
کە هاتە جونبوش وەک ماکینەیە
دوو پەنجەی بۆ چاو دووی تری بۆ گوێ
یەکێکیش بۆ دەم حوکمی دێتەجێ
پشت بە دنیای پوشت مەبەستە زینهار
شەوێکی بەس بوو نادری ناودار
گەورە بە غرور دێتە نوشوستی
حەمە پاشای جاف پیاوی خۆی کوشتی
مەحمواغای سیوەیل ئەو ڕۆژەی کە مرد
نۆکەر خوا شکور ئاغا ڕۆی بۆ کرد
تەرسی کەرەکەی جەجاڵ خورمایە
بۆیە کە هەستا خەڵکی لە دوایە
زستان نانەوا هاوین بەفرکێش
بۆیە ناپرسێ لە قەوە و لە خوێش
ئەو کەسەی ماسی بگرێ تەڕ ئەبێ
بیستانەوانیش تووشی شەڕ ئەبێ
بێستان ڕن گورزی خۆی دەوەشێنێ
بۆ زرکێ بنکێ لە بن دەردێنێ
زۆرم دی چاکەی دەربارەی خەڵک بوو
کە مرد جنێویان پێدا زوو بە زوو
دونیا وەک مووی قول چەرخی گەڕاوە
بە شانەشی کەی هەر تێک ئاڵاوە
چەند خۆشە ئینسان پەرێزی پاک بێ
لە چەندوچۆنی دنیا بێباک بێ
ئەسکوێ بێ لە ناو دیزەی دنیادا
کەس نەبێ پەنجەی ئیجلالی بادا
هەرچی وەک سرکە توند بێ و پڕ لە با
بیکەیتە شووشەیش ئاخری شەق ئەبا
لە هەر ئاشووبێ عەقڵێ وەرگرین
ئەتوانین لە ڕێی بڵند لێخوڕین
خۆ ئەگەر ژێر پێی یەکتر بتاشین
دەستیشمان بگرن هەروا لە پاشین