دەستەی تیاترۆی بە عیشوە و زۆرزان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  908 بینین
دەستەی تیاترۆی بە عیشوە و زۆرزان
گەیشتە سەرمان فەسڵی باینجان
دەنگی دوومەڵەک کە گەیشتە گۆش
سەودای سەر و دڵ تێکڕا دێتە جۆش
شەوقی کارەبا و بۆیەی سپی و سوور
بە شەو پشیلە دەکا بە سموور
ئێمە نەزەرمان هەروا کەچ بینە
ڕەنگی سنعیمان لە لا شیرینە
بە دوو فیشاڵی لا پف هەڵدراو
ناڵە پێ پانمان لا دەبێ بە پیاو
جاران بە تەقەی دەمانچە پیاو بوون
بە دزە کوشتن بەناو و داو بوون
ئێستا بە تەقەی زبان ناودارن
تەنها بۆ نەفعی خۆیان بەکارن
پیشەی پێشوومان لێ دەژیێتەوە
ئاغایی لە نوێ ئەگەڕێتەوە
خوا کێو ئەبینێ و بەفری تێدەکا
ئەوە بەدنامە قسەی لێدەکا
ئەڵێن خشت هاوێژ پاداشی سەنگە
بۆ واتەی گاڵتە قەسدی کوشت نەنگە
بەڵام خوویەکی گرتمان بە شیری
ناتوانین تەرکی بکەین بە پیری
مەگەر ئەو خوایەی کە حاڵ ئەگۆڕێ
جەهلمان لەگەڵ نەخاتە گۆڕێ
خۆ من قەڵەم و زمانم سوا
هیچم پێ نەکرا و خستمە دەست خوا