فیرعەون کەوتە نیل وتی لە ترسا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  835 بینین
فیرعەون کەوتە نیل وتی لە ترسا
ئیمانم هێنا بە ڕەببی موسا
«ئەبووتالیب»یش بە تەعنەی ژنان
بە پێغەمبەری نەهێنا ئیمان
ئەویان بۆ ژیان، ئەم عیززەتی نەفس
بێ عیززەتی نەفس کەس نابێ بە کەس
وەک کابرای کوردە شیریان نایە سەر
«نووحی» گوت بەڵام نەیگوت پێغەمبەر
لای هەندێ ماددەی نامووس بەتاڵە
لە موودارادا وەک پەشتەماڵە
لە قۆمیدیادا ئافتوری ماهیر
هیچ فاڵسۆیێکی لێ نابێ زاهیر
هەندێکیش فوو بای زوو دەردەکەوێ
مایەپووچییان هەر بەر دەکەوێ
نیسکی مۆریاس و هەرزنی ڕەنگاڵ
بێ بەر و پشتن بۆ کەس نابنە ماڵ
ئەوانە ڕاستیان چۆن دێتە سەر لێو
دەم بە پێکەنین، دڵیان پڕ جنێو
لەگەڵ یەک زاهیر دۆستی دەنوێنن
خەرێکن ملی یەکتر بشکێنن
هاکا لە ڕووی کار پەردە هەڵگیرا
تەنافباز قۆڵی لە قەڵبە گیرا
وەزیفەی گەورە زۆر پیاو گێژ ئەکا
پیری شاعیریش فرەبێژ دەکا