جووجەڵە دوو خووی بە ئێمە داوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1088 بینین
جووجەڵە دوو خووی بە ئێمە داوە
کە بێین پێش کەوین بۆ پێمان داوە
یەکێ کە سەری لە هێلکە جووقا
توێکڵی شڕ دەکا لە ژێر دەندوکا
دووەم بێ دەعوای میراتی باوک
یەکتر کوێر دەکەن بە شەڕە دەندووک
ئێمەیش ئەو خاکەی جێ سروشتمانە
ژێر لەقەی ئەدەین، خو و ڕەوشتمانە
دەڕوانی هیچمان لە ناودا نییە
ئەومان لەگەڵ ئەو بۆ شەڕ شەقییە
کەویش خوویەکی خۆی پێ بەخشیوین
دیارە بۆ ئەوە شایستەی دیوین
کەو دەبەنە ڕاو بە فێڵ دەخوێنێ
هاوجینسی خۆیان بۆ کوشتن دێنێ
ئێمەیش تەسبیح و زیکر و ئیستیغفار
کەچی کەشکۆڵمان پڕ لە ئیستیخبار
دەبینین برسی و کەسیرە و کزین
دانمان ئەدەنێ دەستیان دەگەزین
بە زەیلی زەیلیش نایێینە ژێر بار
«زەیل» درێژەی بەست وەک ڕۆژی بەهار
تا نەبڕێینەوە ئەو نابڕێتەوە
وا دیارە تا دێت ئەتەنێتەوە